سەردێڕ:

٢١ـی سێ کە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی کوردی و وەرزی بەهارە

AM:09:55:23/03/2025

992 جار خوێندراوەتەوە

٢١ـی ئازار یەکەم رۆژی چوونە ناو ساڵی ٢٧٢٥ـی کوردییە، لە مانگە کوردییەکانیشدا دەبێت بە ١ی خاکەلێوە.


٢١ی ئازار، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی کوردی و وەرزی بەهارە، ئەو رۆژەیە کە کوردەکان جەژنی تێدا دەگێڕن و ناویان ناوە نەورۆز کە ناوە بنەڕەتییەکەی 'نورۆژ'ـە و لەگەڵ گۆکردنی وشەکە و سەردەمدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

نەورۆز و جەژنی کۆتاییهاتنی سەرما و ژیانەوە

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی خاکی کوردستانەوە، کە سروشتێکی چیایی هەیە و بەروونی هەر چوار وەرزی ساڵی تێدا دەردەکەوێت، چوونە ناو وەرزی بەهاریش مژدەی نەمانی سەرماسۆڵەی زستان و پێگەیشتنی بەروبومی نوێ و زۆربوونی خۆراک بووە، بۆ ئەوەش هەر لە سەردەمی ژیان لەناو زنجیرەچیاکانەوە تاوەکو شارستانییەتە جیاوازەکان، ئاهەنگیان گێڕاوە و ناویان ناوە سەری ساڵ و رۆژێکی نوێ، کە بۆ مرۆڤی ئەو کاتە دەستکەوتنی خۆراک ئامانجی سەرەکی بووە و وەرزێکیش تیایدا خۆراک و بەروبوم زیاد بکات و کەشوهەوا خۆش ببێت بە سەری ساڵ و چوونە ناو ساڵی نوێیان داناوە، کە دواتریش لەگەڵ هاتەخوارەوەی مرۆڤ لە چیاکان و جێهێشتنی قۆناغی ژیان لەناو ئەشکەوتەکان، شێوەی ئاهەنگ گێڕان بۆ ئەو سەری ساڵ و رۆژە نوێیەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

وەرزی بەهار و ژیانەوەی گژ و گیا و گەشانەوەی خاک

لە رۆژی ٢١ـی مانگی ئازار، هەندێک ساڵیش لە ٢٠ بە دەگمەنیش هەندێک ساڵ ٢٢ـی مانگی ئازاردا، زەوی لە کاروانی خولانەوەی بە دەوری خۆردا، دەگاتە خاڵی (هاوسەنگبوونی بەهاریی) كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچەیەكسانبوونی تەواوی ماوەی نێوان شەو و رۆژ بۆ ١٢ بە ١٢ كاتژمێر دەگەیەنێت.

لە خاڵی هاوسەنگبوونی بەهاریدا، تیشكی خۆر بە شێوەیەكی ٪١٠٠یی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی ٢٣ پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لاربوونەوە و ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا روودەدات و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوە و كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن. بەو شێوەیە، لە نیوەگۆی باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشووردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.

لەلایەکی دیکەوە ئاماژەیە بۆ تەمەنی ساوای سەوزایی و تازە سەوزبوونی دەشتودەر، کاتێک کە ئاژەڵەکان بۆ لەوەڕ دەم دەبەن بۆ گژوگیا، گیاکان هێندە ساوان؛ لێویان بەر خاک دەکەوێت.

بەوجۆرەش ئەو گۆڕانکارییە لە وەرزدا گرنگی خۆی هەبووە بۆ مرۆڤەکانی سەردەمی کۆن کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، دواتریش بۆ ئەو مرۆڤانەی سەرقاڵی کشتوکاڵ کردن بوون. بەوپێیەشی کوردستان لە مێژووی کشتوکاڵیدا پێشەنگە و یەکەم بەڵگەی کشتوکاڵکردن و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لەسەر ئەم خاکە بووە، ناکرێت نەورۆز لەم خاکە داببڕینرێت.

لە مێژوودا هیچ نەتەوەیەک هاوشێوەی کورد نەورۆز بە بوونیەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە بەدەر لە مێژوونووسانی ناوخۆ، چەندین مێژوونووسی بیانی بە بەڵگە ئەوەیان سەلماندووە.

جەژنی نەورۆز لە بەڵگەنامە مێژووییەکاندا

چەندین بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر سەرهەڵدانی جەژنی نەورۆز و ئاهەنگ گێڕان بەو بۆنەیەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سەرجەم چیرۆک و گێڕانەوە و ئەفسانە و بەڵگەنامە مێژووییەکان، بنەڕەتەکەیان دەگەڕێتەوە سەر یەک خاڵ.

خەسرەو جاف بیرمەند و نووسەری کورد ئەوەی خستووەتە روو، زیاتر لە پێنج بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر لەسەر زەوی کەش ساردتر بووە، پێشتریش لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا کاتێک مرۆڤەکان ژیاون، ئەو زنجیرە چیایانە لوتکەی سەرما بوون و لەگەڵ وەرزی زستاندا ترسی سەرما و دەستنەکەوتنی خۆراک ترسی خستووەتە دڵیانەوە.

گۆڕانکاری لە وەرز و توانەوەی بەفر، دزەکردنی ئاو و چرۆکردنی دارەکان، موژدەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ژیان بووە بۆیان، وەک هێمایەکیش بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکتر، ئاگریان لەسەر لوتکەی شاخ و چیاکان کردووەتەوە، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە جارێکی دیکە رزگاریان بووە و کۆتایی بە سەرمای سەخت هاتووە.

لەگەڵ هاتنەخوارەوەی مرۆڤ لە چیاکان و دەستپێکردنی قۆناغی کشتوکاڵ و تاوەکو جیابوونەوەی شارستانییەتەکان، تەنانەت بە درێژایی ئەو مێژووە چەند هەزار ساڵییە تاوەکو ئەمڕۆ، گۆڕانکاریی بەسەر شێوەی ئاهەنگ گێڕان بۆ نەمانی ئەو سەرما و سۆڵەیە و دەستپێکی وەرزی بەهاردا هاتووە.

هەر سەردەم و قۆناغێک بەپێی گۆڕانکارییەکان لە پەرەسەندنی مرۆڤ و گۆڕانی دەسەڵاتەکان و بارودۆخی سیاسی جێپەنجەیان بەسەر ئاهەنگ و جەژنی نەورۆزەوە جێهێشتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو جەژنە رەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە و یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکان لەسەر زەوی کە تاوەکو ئێستاش بە زیندوویی یادی دەکرێتەوە.

بەپێی وتەی مێژوونووسان نەورۆز پەیوەستە بەو دۆخە جوگرافیی و گۆڕانی وەرزەوە، پەیوەندی بەو ئەفسانانەوە نییە کە بۆی داتاشراون، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی شارستانییەتەکاندا هاوشێوەی چەندین بۆنەی نەتەوایەتی و تەنانەت ئایینی دیکە، چیرۆک و ئەفسانەی خراوەتە پاڵ، کە ئەفسانەکانیش بەشێکن لە مێژوو و بەڵگەی شارستانیی بوونی نەتەوەکانن.

سۆمەرییەکان و جەژنی نەورۆز

سۆران حەمەرەش مێژوونووسی کورد بەڵگەی مێژوویی لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە خستووەتە روو و باس لەوەدەکات، زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر سۆمەرییەکان نووسینیان داهێناوە و لەوکاتەشدا بە بەڵگە جەژنی نەورۆزیان تۆمارکردووە، کە هەمان جەژنیان بە ناوی 'زاکموک' گێڕاوە، کە ماناکەی دەبێتە سەرەتای ساڵ.

لەوکاتەدا بە (ئێزن سەر سەواڵە- بە واتای جەژنی سەری ساڵ)ش ناوی هێنراوە.

ئەگەرچی نەورۆز بەستراوەتەوە بە ئەفسانەی کاوە و زوحاکەوە، بەڵام ئەفسانە بەشێکی گرنگی هەر شارستانییەتێکە و هیچ شارستانییەتێک تەنانەت بەشێکی ئایینەکانیش خۆیان لە ئەفسانە لانەداوە. ئەفسانەی کاوە و زوحاکیش رەچەڵەکێکی کۆنی هەیە و هەرلەخۆوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو سۆمەرییەکانیش ئەو ئەفسانەیەیان لەگەڵ هاوکاتی نەورۆزدا تۆمارکردووە و دەماودەم گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

ئەفسانەی کاوە و زوحاک و نەورۆز

ئەفسانەی کاوە و زوحاک باس لەوەدەکات، کە زوحاک پاشایەکی زۆردار بووە و دوومار لەسەر شانەکانی بوون، رۆژانە مۆخی دوو گەنجی داوە بە مارەکان، ئەو کەسەشی بەرپرس بووە لە کوشتنی ئەو گەنجانە، رۆژانە گەنجێکیانی ئازادکردووە و مۆخی گەنجەکەی دیکەشی لەگەڵ مەڕێکدا تێکڵ کردووە، دواتر کاوە کە چەند کوڕێکی بوون بە قوربانی دەستی زوحاک، هەڵدەستێت بە کوشتنی زوحاک و بۆ گەیاندنی ئەو هەواڵە خۆشەش بە خەڵک، ئاگری لەسەر چیاکاندا کردووەتەوە.

پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر سۆمەرییەکان بە بەڵگەی نووسراو، بەدەر لە لافاوە گەورەکە و رزگارکردنی مرۆڤایەتی، ئەفسانەی کاوە و زوحاکیشیان بەستووەتەوە بە نەورۆزەوە، کە لە ئەفسانەکەی سۆمەرییەکاندا زوحاک بە "ئازاگ، ئازاگو، ئەژدەهاگ، ئەزدیهاگ" و کاوەش بە نینورتا ناوی هێنراوە.

نینورتا خوداوەندی خەڵکی جوتیار بووە و لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە گورزێکی بەدەستەوەیە. لە ئەفسانەکەشدا نینورتا یان ئەژدیهاکوژ، ئازاگی ئەژدیها لەناودەبات.

لە سەری ساڵ و جەژنی نەورۆزدا سۆمەرییەکان سەرلەنوێ پاشایان داناوەتەوە کە بەشێکی گرنگی جەژنی نەورۆز بووە، دواتر تاوەکو چەند ساڵی کۆتاییش ئەو نەریتە ماوەتەوە و بە 'میرنورۆژی' ناوی براوە. کە لەوکاتەدا پاشا بە دەستی خۆی ئاگری کردووەتەوە وەک سومبولێک بۆ دوورخستنەوەی روحی خراپ و خۆپاک کردنەوە و دووبارە ژیانەوە و دەست پێ کردنەوە.

میرنەورۆزی لە مەهاباد و سەردەشت و بۆکان و خوراسانیشدا هەبوو و تەنانەت بەڵگەنامە هەیە کە 'میرنورۆژی' زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە، رێورەسم و ئاهەنگی تێدا سازدراوە و خواردن ئامادەکراوە و چەندین بڕیاری گرنگیش هەر لەو رۆژەدا دراوە.

بەڵگەنامەی مێژوونووسان

سۆران حەمەرەش ئاماژەی بەوەشکردووە، مێژوونووسی دیاری کورد 'ئەبو حەنیفە دینەوەری' کە خەڵکی دینەوەری کرماشان بووە و لە ٨٢٨ی زایینیدا لەدایکبووە، لە بەڵگەنامە مێژووییەکانیدا نەورۆزی بەستووەتەوە بە سەرەتای شارستانییەتی مرۆڤایەتی و سەردەمی دوای لافاوەکەوە، کە بەهەمان شێوە سۆمەرییەکانیش ئاماژەیان بە سەردەمی دوای لافاوەکە و دابەشبوونی شارستانییەتەکان داوە.

دینەوەری ئەوەی خستووەتە روو، یەکەم پاشا کە نەوەی نوح بووە و پاشایەتی داناوە جەمی کوڕی یۆنجەهانی کوڕی ئەربەشاد بووە.

زاناکان باس لەوەدەکەن، بەپێی بەڵگەنامەکان و پاشماوەی کەشتییەکەی، نوح زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤایەتی رزگار کردووە و لە شاخی جودی گیرساوەتەوە، کە نوێترین توێژینەوەی جیهانیی باس لەوەدەکات، ئەو بابلەی نوحی لێ گیرساوەتەوە، دەکەوێتە سەرەوەی کوردستان لە سنووری دەستکردی نێوان عیراق و سوریا و تورکیا.

دینەوەری دەڵێت، ئەو نەوەیەی نوح نەورۆزی کردووە بە جەژن و ئاهەنگیان تیادا گێڕاوە، کە لەو سەردەمەدا مرۆڤ بە یەک زمان قسەیان کردووە و دواتر زمانەکان جیا بوونەتەوە و مرۆڤەکان چونەتە ناوچەی جیاوازەوە نیشتەجێ بوون.

لەلایەکی دیکەوە ئەولیا چەلەبی کە گەڕیدە و جوگرافی ناس و مێژوونووسێکی عوسمانی بوو، ٤٠٠ساڵ لەمەوبەر دەیبەستێتەوە بە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەت و دروستبوونی پاشایەتییەوە، کە دەڵێت: بەپێی مێژوونووس مەقدیسی شاری جودی یەکەم شار بووە دوای لافاوەکەی نوح دروستکراوە، دواتر قەڵای سنجار و مەیفاریقین، لەلایەن مەلیک کوردیم پاشای کوردان کە سەر بە کۆمەڵگەی پێغەمبەر نوح بووە دروستکراوە، کە بە لایەنی کەمەوە ٦٠٠ ساڵ ژیاوە و تەواوی کوردستان گەڕاوە، دواتر کەشوهەوای شوێنەکەی بەدڵ بووە و لە مەیفاریقین نیشتەجێ بووە و منداڵی زۆری خستووەتەوە.

دەشڵێت، ئەو پاشایە زمانێکی داهێناوە جیاواز بووە لە عیبری، ئەو زمانە نە عیبرییە و نە عەرەبی و فارسی، نە دەری و پەهلەوی و پێی وتراوە زمانی کوردیم 'کوردان'. چونکە خاکی کوردستانیش خاکێکی رەقانی و چیاییە، بەلایەنی کەمەوە بە ١٢ جۆری جیاوازی کوردی قسە دەکرێت و لە گۆکردن و وشەسازیدا جیاوازن.

بەشێک لە دەقە عیبرییە دێرینەکان ئەوە دەخەنە روو، ئەربەشاد پاشایەکی ئەفسانەیی ماد بووە، کە دەکاتە باپیری ئەو پاشایەی نەورۆزی کردووە بە جەژن.

تۆماس بوای توێژەری فەرەنسی لە ساڵی ١٩٦٢ دا لە کتێبێکیدا بە ناوی"the kurd”جەژنی نەورۆزی بە "نورۆژ" ناو بردووە.

ئەبومەجید تەورێزی، کە تەورێز ئێستا دووەم شاری گەورەی ئێران و ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێرانە، پێشتر شارێکی کوردی بووە و بە (کوردستان و کوردیان) ناوی هێنراوە، لە کتێبی سەفینەی تەورێزدا لە ساڵی ١٣٢١ بۆ ١٣٢٣دا نەورۆزی بە 'نورۆژ' ناو هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە عەلائەدین شای بوخاری زیاتر لە 700 ساڵ بەر لە ئێستا بە بەڵگە باس لە رێساکانی نەورۆز دەکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە نەورۆز رێسای تایبەت بە خۆی هەبووە.

هاوکات، 600 ساڵ بەر لە ئێستا شاوەیس قولی کەسایەتی یارسانی کە لە ساڵی 1407 لە نزیک مەریوان لەدایک بووە لە هۆنراوەیەکدا باس لەوە دەکات کە بنەچەی کوردە و باس لە لەناوبردنی سوپای ئەژدەهاکیش دەکات.

جەژنی نەورۆز لە سەردەمی دەسەڵاتی موسوڵمانەکاندا

لە سەردەمی ئومەوی و عەباسییەکاندا ئاهەنگی جەژنی نەورۆز گێڕدراوە و میرەموسوڵمانەکان بەشداربوون لە بڵاوکردنەوەی جەژنەکەدا.

بەپێی بەڵگەنامەکانی سۆران حەمەرەشی مێژوونووس هەر بۆنموونە، لە ئەندەلوسی ئیسپانیا، زەریابی مۆسیقاناسی کورد "789-858'، کە چووەتە ئەندەلوس و عەبدولرەحمانی دووەمی میری ئومەوی موچەی مانگانەی بۆ بڕیوەتەوە، کە بەدەر لە موچەی مانگانەی خۆی لە هەریەک لە جەژنەکانی ئیسلام و جەژنی نەورۆز و میهریدا جەژنانەشی وەرگرتووە.

لە سەردەمی عوسمانییەکانیشدا لە نەەورۆزدا شیرینی تایبەت بە نەورۆزیان بەخشیوە و تەنانەت بڕیاری گرنگیان لەو رۆژەدا داوە و خەڵکی نوێیان هێناوەتە سەر کار. شاعیرەکانیش لەو رۆژەدا هۆنراوەی تایبەتیان بۆ سوڵتان دەنووسی.

لە دیوەخانی خەلیفەی عوسمانیشدا بە "نەورۆزی پیرۆز" ناوی هێنراوە.

هەریەک لە شاعیران و زانایانی ئایینیش بە گرنگییەوە لە نەورۆزیان روانیوە و هۆنراوەیان بۆ نووسیوە و باسی ئەو دەستپێکە نوێیەیان وەک ساڵێکی نوێ کردووە، وەک ئەحمەدی خانی و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و مەلای گەورەی کۆیە و چەندانی دیکە.

ئێستا نەورۆز بەدەر لە کوردستان لە چەندین وڵاتی دیکەی دنیا یادی دەکرێتەوە وەک، روسیا، ئەفغانستان، تاجیکستان، قیرقستان، ئازەربایجان.

لە ساڵی ٢٠١٠دا، نەورۆز لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بڕیارنامەیەکدا راگەیەنرا و داواش لە وڵاتان کرا، کە هانی هاوڵاتییانیان بدەن بۆ گێڕانی ئاهەنگ و یادکردنەوەی ئەو رۆژە.


 













گەلەری