PM:12:32:09/02/2025
2592 جار خوێندراوەتەوە
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەولێر هەمیشە شارێکی میوان دۆست بووە بەڵام تاقاتیان نییە ئەمڕۆ پێشوازی لەو میوانانە بکەن. پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێش دەڵێت، خەڵکی هەولێر هەمیشە باوەشیان کردووەتەوە بۆ میوانەکانی قسەکانی پارێزگاری هەولێر بۆچوونی خۆی و حزبەکەیەتی کە بە زەبری هێز خۆیان سەپاندووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ـی شوباتـی ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ شاری هەولێر رایگەیاند، شاری هەولێر هەمیشە شارێکی میوان دۆست بووە بەڵام تاقەتیان نییە پێشوازی لەو میوانە رەزاقورسانە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاری هەولێر
خەریکی کاروکاسبی و ژیانی ئاسایی خۆیەتی و بە دڵنیاییەوە بەپێی ئەو
یاسایەی کە هەیە رووبەڕووی ئەو مامۆستایانە دەبینەوە.
هاوکات، کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ رایگەیاند، خەڵکی هەولێر هەمیشە باوەشیان کردووەتەوە بۆ میوانەکانی قسەکانی پارێزگاری هەولێر بۆچوونی خۆی و حزبەکەیەتی کە بە زەبری هێز خۆیان سەپاندووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە بەیانی ئەمڕۆوە ژمارەیەک لە
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی و بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی دیکەوە
بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕازیان بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن.