PM:05:36:18/01/2025
2328 جار خوێندراوەتەوە
لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە پێویستە هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی سۆمۆ و ئاگادارکردنەوەی حکومەتی فیدراڵی لە گرێبەستە نەوتییەکانی و بەشداریکردنی لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی بەرهەمهێناندا و کۆتاییش بە قاچاخچێتى نەوت بهێنرێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی، کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، لە کۆبونەوەی لیژنەکەدا تاوتوێی هەمواری مادەى ١٢ـی بودجە کراوە بە شێوەیەک چارەسەری کێشەی هەژمارکردنى تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکات، وەک پێشەکییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم.
هەروەها،
لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەش بە میکانیزمەکانی رێکخستنی پەیوەندی یاسایی نێوان
حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان کرا کە لە کێڵگەکانی
هەرێمدا کاردەکەن.
هاوکات
سەرۆکى لیژنەى دارایش باسى لەوەکرد، ئامانجیان لە پەسەندکردنی هەموارى مادەى ١٢ ئەوەیە
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بخەینە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و کۆتایی بە گومانەکان
سەبارەت بە بەقاچاخبردنى نەوتى هەرێم بهێنێت.
وتیشى، ئەوان دەیانەوێت بڕگەی یاسایی پابەندکەر دابنێین
بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەژمارکردنى تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لە ماوەی دیاریکراودا،
و پابەندکردنی هەرێم بە رادەستکردنی داهاتەکان
بە حکومەتی فیدراڵی.