سەردێڕ:

مووچەی مانگی ١١ و ١٢ چی لێ بەسەرهات؟

PM:01:04:30/12/2024

5476 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی بەغدا دوو چەردە پارە بۆ مووچەی مانگی ١١ و ١٢ رەوانەی هەرێم بکات. وەزارەتى دارایی عێراقیش رایگەیاند، کێشەی نەختینەیان نییە و بەپێی خشتەى مووچە دەستکراوە بە دابەشکردنى مووچەى مانگی ١٢ـی فەرمانبەران.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی کانونـی یەکەمـی ٢٠٢٤، چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە تا رۆژى سێ شەممە بەغدا بە دوو چەردە پارەی زیادەی مووچەی مانگی ١١ و مووچەی مانگی ١٢ـی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات، هەرچەندە بڕیار بوو بەغدا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار بە دوو چەردە بۆ مووچەی مانگی ١١ و ١٢ رەوانە بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق تەواو نەبووە، پارەکە رەوانە نەکرا.

ئەوەشی خستەروو، بڕیارە تا رۆژى سێ شەممە، بەغدا دوو چەردە پارە کە ٢٨٠ ملیار دیناری زیادەی مووچەی مانگی ١١ و ٨٠٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ١٢ـەیە، رەوانەی هەرێم بکات.

هاوکات، دواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆی بوونى گرفتى کەمی پارەى کاش لە عێراق لە بەشێک لە میدیاکاندا، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیاییدا و رەتی کردەوە کێشەى کەمی نەختینەیان هەبێت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ـی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق و دەلێت دەستیان کردوە بە دابەشکردنى مووچەى ئەم مانگە بەپێی خشتەى دیاریکراوی وەزارەتەکان.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ لە کاتی خۆیدا و هیچ کێشەیەکی نەختینەیان نیە، باسى لەوەشکردووە، فەرمانگەی ژمێریاری پارەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی فەرمانبەرانى وەزارەتەکان و پارێزگاکان و دەستە سەربەخۆکان.

ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام لە کاردان بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکان بەبێ هیچ دواکەوتن و بڕینێک و مووچە بەپێی خشتەى دیاریکراو دابەشدەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ١٠ رۆژە بەغدا ٦٣٠ ملیار دیناری بۆ مووچەى مانگی ١١ـی هەرێم ناردووە، بەڵام حکومەتى کاربەڕێکەر ئامادە نییە بە داهاتى ناوخۆ پارەکە تەواوبکات و بەلای کەمەوە مووچەى مانگی ١١ دابەشبکات.

 













گەلەری