سەردێڕ:

شەڕەکەی سوریا دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

PM:10:54:30/11/2024

6136 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، سوپای سوریا لە شاری حەما بەبێ بەرگریکردن كشاونەتەوە و گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن چوونەتە ناو شارەكەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش لە سوریا رایگەیاند، حەما بەتەواوی لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنتڕۆڵکراوە، وەزارەتی بەرگری سوریاش رەتیدەكاتەوە و دەڵێت سوپای سوریا لە شارەكە نەکشاونەتەوە.


روانگەی سوری ئاماژەی بەوەکردووە، گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەیشتووەنەتە گەڕەكەكانی باكوری شاری حەما و بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو پێشڕەوی دەكەن، بەهۆی ئەوەی سوپای سوریا بەبێ هیچ بەرگرییەك ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەبێ‌ چۆڵ دەكات، باسی لەوەشکرد، چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە دوو رۆژی رابردوودا ١٢٠ شارو شارۆچكە و بەشێکی زۆری شاری حەلەبیان كۆنتڕۆڵكردووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش لە سوریا رایگەیاند، شاری حەما بەتەواوی لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە کۆنتڕۆڵکراوە و سوپای وڵاتەکە لە شارەکە نەماون، وەزارەتی بەرگری سوریاش راتیدەکاتەوە و دەڵێت سوپای وڵاتەکەیان لە حەما ماون و نەکشاونەتەوە.

هاوکات بەپێی ئاژانسە جیهانییەکان، لە دیمەشق هەوڵی کودەتا دەدرێت بەسەر بەشار ئەسەد، باس لەوەش دەکەن، لە دیمەشق شەڕ و پێکدادان لە نێوان فیرقەیەکی سوپای سوریا لەگەڵ گاردی کۆماری وڵاتەکە دروست بووە.

لەلایەکی تریشەوە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە سنوری عێراق و ئەو وڵاتەیان بە تەواوی داخست، هاوکات لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێی بارودۆخی سوریا و دۆخی ناوچەکەیان کرد.

هەر لەسەر بەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سوریا، لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دۆخی ئەو وڵاتەیان تاوتوێکرد، لە پەیوەندییەکەیاندا لاڤرۆڤ و عەباس عێراقچی پاڵپشتیی وڵاتەکانیان بۆ سەروەری و یەکگرتوویی سووریا دەربڕی و جەختیان لەوەش کردەوە، پاڵپشتیی حکومەت و سوپای سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن.

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیارە سبەی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشق بکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی سووریا. ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژێک دوای ئەو سەردانە وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی توکیا دەکات.













گەلەری