سەردێڕ:

سەرژمێریی هەرێم: داتاکانی سەرژمێری دەبنە بناغەی گەشەپێدان بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو

PM:11:47:07/11/2024

1888 جار خوێندراوەتەوە

تیمەکانى سەرژمێریی دانیشتوان ئامادەن لە رۆژی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە ماڵ بە ماڵ بگەڕێن و کۆتا هەنگاوی پرۆسەی سەرژمێری ئەنجام بدەن، بۆ ئەم سەرژمێرییە هەر خێزانێک بە کۆی قۆناغە جیاجیاکان ٧٠ پرسیاری لێ دەکرێت. سەرپەرشتیاری گشتی سەرژمێری لە هەرێمیش دەڵێت، داتاکانی سەرژمێرییەکە دەبنە بناغەی گەشەپێدان بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو.


هەنگاوە کردارییەکانی سەرژمێری لە هەرێم و عێراق دەستیان پێکرد، پڕۆسەی ژمارە لێدان و گەمارۆدازیی شار و شارۆچکەکان کۆتایی پێهاتووە و تیمەکانی پڕۆسەی سەرژمێریش ئامادەن لە رۆژی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە ماڵ بە ماڵ بگەڕێن تاوەکو کۆتا هەنگاوی پرۆسەی سەرژمێرییەکە ئەنجام بدەن.

بۆ ئەم سەرژمێرییە هەر خێزانێک بە کۆی قۆناغە جیاجیاکان ٧٠ پرسیاری لێ دەکرێت، لەوانەش ژمارەی ئەندامانی خێزان و کار و پیشە و بڕوانامە تاوەکو دەگاتە سەر ئامێرەکانی ناوماڵیش.

لای خۆشییەوە، مەحمود عوسمان سەرپەرشتیاری گشتی پڕۆسەی سەرژمێری لە کوردستان دەڵێت، داتاکانی سەرژمێرییەکە دەبنە بناغەی گەشەپێدان بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو.

هاوکات، ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم کە رەگەزنامەی وڵاتانی بیانیان هەیە، ئەگەر لە رۆژی سەرژمێریدا لە هەرێم نەبن مافی هاوڵاتیبوون و ناسنامەی عێراقیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆتا سەرژمێری لە ساڵی ١٩٩٧ لە عێراق ئەنجامدرا، بەڵام هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە، هەر ئەوەش وایکرد کار بەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکرێت، بەڵام سەرژمێری ئەمساڵ سەرتاسەرییە و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ـیش دەگرێتەوە.

هاوکات، بۆ پرۆسەی سەرژمێریی عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا حکومەتی عێراق ٣٠٠ ملیار دیناری تەرخان کردووە، پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ دانیشتوانی عێراق ٥٠ ملیۆن کەس تێبپەڕێنێت.













گەلەری