PM:10:13:07/11/2024
3024 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتى دارایی حکومەتى کاربەڕێکەر رایگەیاند، بانکی بازرگانیى عێراق لەگەڵ تیمى هەژماری من کۆبوونەتەوە و رێککەوتن لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
وەزارەتى دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لە راگەیەندراوێکدا باسى لەوە کردووە، هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکەى هەژماری من، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی تی بی ئای بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، نموونەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە رێککەوتنیان
لەسەرکراوە، بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی
بکاتەوە و دەیان ئامێری راکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری
هەرێمی کوردستان جێگیر بکات و بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە ١٠ هەزار
کارتی بانکی تی بی ئای دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە دواین
راگەیەندراویاندا بانکی تی بی ئای دەڵێـت، ئەوان ئامادەن بۆ بەبانکیکردنی مووچەى
مووچەخۆرانی هەرێم و باسیان لەوە نەکردووە کە بەشێک دەبن لە پڕۆژەى هەژماری من.