سەردێڕ:

خوێندنی باڵا: هەر دەرچوویەک فۆڕمی زانکۆلاینی پڕ کردبێتەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێت

PM:01:00:03/11/2024

2912 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، سەرجەم ئەو دەرچووانەی پۆلی ١٢ کە فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکاندا وەردەگیرێن. دەشڵێت، "٩٦٪ـی ئەو دەرچووانەی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە وەرگیراون، ١٣ هەزار کورسی بەتاڵ بۆ ئەو دەرچووانە ماوەتەوە کە وەرنەگیراون".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد بۆ ئەمساڵی خوێندن ٦٤ هەزار و ٧٦١ کورسییان بۆ دەرچووانی پۆلی ١٢ تەرخان کردووە و سەرجەمی ئەوانەی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەردەگیرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی گشتیی ئەو دەرچووانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە ٥٥ هەزار و ٨٧١ دەرچوو بوون، ٥١ هەزار و ٥٧٩ دەرچووی بەشی زانستی و وێژەیی وەرگیراون کە ٤٤ هەزار و ٢١٥ـیان دەرچووی ئەمساڵن و حەوت هەزار و ٣٦٤ـیان دەرچووی ساڵانی رابردوون.

ئەوەشی خستە روو، کۆی گشتیی دەرچووانی پیشەیی هەزار و ١٤٥ دەرچوو بوون، ٦٩٦ـیان وەرگیراون، ١٣٨ـیان وەرنەگیراون و ٣١١ دەرچووش داواکارییان پێشکەش نەکردووە.

سەبارەت بەو خوێندکارانەی کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، کۆی گشتیی ئەو خوێنداکارانە هەزار و ٣٥٣ خوێندکار بوون، ٨٠٤ـیان وەرگیراون، ٣٧٢ـیان وەرنەگیراون و ١٧٧ـیان داواکارییان پێشکەش نەکردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەو خوێندکارانەی لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک وەرنەگیراون، ١٣ هەزار و ٢٩٩ کورسی بەتاڵیان بۆ ئامادە کراوە و دەتوانن لە وێبسایتی زانکۆلاینەوە یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن.

پێشتریش وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی ١٠ـی ئەم مانگەوە دەست دەکرێت بە پڕۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستبووە روو، پێویستە لەسەر وەرگیراوان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەن و هەموو زانکۆکانى هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی پێویست دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى ٢٠٢٤-٢٠٢٥.













گەلەری