سەردێڕ:

گردبوونەوەی کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی داگیرکردنی شوێنی کارەکەیان بەردەوامە

PM:01:13:29/10/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

گردبوونەوەی کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە بەردەوامە و باس لەو دەکەن، چەندین ساڵە لەو شوێنە کار دەکەن و هەموو بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیانە و تەنها دەیانەوێت لە مەیدانە نوێیەکە زەویان پێ بدەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، جارێکی دیکە بەشێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، زەوی مەیدانەکە دراوە بە کۆمپانیایەک و قەرەبوو نەکراونەتەوە و لەبەرامبەر ئەوەشت زەوی نوێیان پێ بدەن داوای پارەیەکی زۆریان لێ دەکەن.

ئەوەشیان خستە روو، ئاژەڵەکایان لەنێو مەیدانەکەدا بە برسێتی مابووە و کۆمپانیاکە بە خۆڵ شەقامی بەردەم مەیدانەکەی داخستبوو کاتێکیش رێگاکەیان پاککردووتەوە هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردوون دەستگیریان دەکەن.

ئاماژەیان بەوەش کرد، رەتی دەکەنەوە بڕۆنە مەیدانە نوێکە، چونکە نرخی دوکانەکانی زۆر گرانن و لە توانایاندا نییە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی خستووەتە بینەقاقای کاسبکاران و بەبێ قەرەبوو دەریان دەکات، ئەوان نایانەوێت مافی کەس بخۆن تەنها دەیانەوێت بەبێ بەرامبەر لە مەیدانە نوێیەکە قەرەبوو وەربگرن.

ماوەی چەند مانگێکە کێشەی کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵی سلێمانی بەردەوامە و وەک باسی دەکەن زەوی مەیدانەکەیان دراوە بە کۆمپانیایەک بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون و کۆمپانیاکە ئامادە نییە قەرەبووی کاسبکاران بکاتەوە.













گەلەری