سەردێڕ:

بۆ پرسی ئاو و پڕۆژەکانی ئاودێری؛ شاندێکی عێراق سەردانی تورکیا دەکات

PM:07:58:25/10/2024

936 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی کە لەبارەی پرسی ئاو و پڕۆژەکانی ئاودێری لە میانەی دیداری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆ کران، بڕیارە شاندێکی تەکنیکی سەردانی تورکیا بکات.


ئەمڕۆ هەینی، عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بۆ گفتوگۆکردنی پرسی ئاو و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری لە ناوخۆی عێراق، بڕیارە شاندێکی تەکنیکی سەردانی تورکیا بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکە لە چوارچێوەی بەشێک لەو رێککەوتنە هاوبەشانە دێت کە بە ئامادەبوونی هەردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمساڵدا واژۆ کران.

باسی لەوەش کرد، لایەنی تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەربڕیوە و لە ماوەی سەردانەکەدا شەش پڕۆژەی ئاودێری تاوتوێ دەکرێن کە سیانیان پەیوەستن بە دامەزراندنی تۆڕی ئاودێری و ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی سەردەمیانە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و سیانیان تایبەتن بە دروستکردنی بەنداوی کۆکردنەوەی ئاو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٢ـی نیسانی ئەمساڵ، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کرد و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکاندا لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کران.













گەلەری