سەردێڕ:

بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو لە غەززە حەماس لە مۆسکۆیە

PM:01:38:24/10/2024

1620 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاژانسی روسیای راگەیاند، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیادا کۆبووەتەوە و داوای لێکردووە لە لوتکەی برێکس لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین گفتوگۆ بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو دوای جەنگ.


موسا ئەبو مەرزوق ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاژانی روسیای راگەیاند، لەگەڵ میخائیل بوغدانوف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.

باسی لەوەش کردووە، لەبارەی یەکگرتویی نیشتمانی فەڵەستین و پێکهێنانی حکومەتێکەوە قسەیان کردووە کە کەرتی غەززە بەڕێوەببات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، داوایان لە روسیا کردووە لە لوتکەی برێکس دەست بە گفتوگۆکان بکات لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و یەکگرتوو.

دوێنێش، وڵاتانی ئەندام لە لوتکەی برێکس داوایان کرد بە زووترین کات ئاگربەست لە غەززە بکرێت و داواشیان لە ئیسرائیل کرد، کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان و غەززە بەئامانج نەگرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی فەڵەستینی بە سەرۆکایەتی مەحەمەد عەباس و گروپی چەکداری حەماس کە غەززە بەڕێوەدەبات ئاڵۆزە و دوای شەڕی غەززەش ئاڵۆزییەکان زیادی کردووە.













گەلەری