سەردێڕ:

عێراق سەرجەم جۆرەکانی دەرمانی شێرپەنجە بەرهەم دەهێنێت

PM:04:05:21/10/2024

3340 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیاکانی دەرمان لە عێراق، سەرقاڵی دانانی پلانێکن بۆئەوەی بتوانن بە هاوبەشی کۆمپانیا جیهانییەکان دەرمانی سەرجەم جۆرەکانی شێرپەنجە لە عێراقدا بۆ توشبووانی ئەو نەخۆشییە بەرهەم بهێنن.


سەرەتای ئەم هەفتەیە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کردنەوەی چەند کارگەیەکی دەرماندا ئامادە بوو، کە پیشەسازی دەکەن لە بواری دەرمانە دژە زیندەییەکان و بەهێزکردنی بەرگری و رایگەیاند، ئەم کارگانە ٢٥٪ی پێویستی دەرمان لە عێراقدا پڕ دەکەنەوە.

وتیشی، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو خۆبژێوی و ئاسایشی دەرمان، لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ ١٠٪ی پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە.

لەوبارەیەشەوە رافع راوی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای پیشەسازی دەرمانی مۆدێرن رایگەیاند، ئەم کارگانە بەم زووانە سەرجەم جۆرەکانی دەرمانی شێرپەنجە بەرهەم دەهێنن. 

وتیشی، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بن ئەوا لەماوەی شەش ساڵی داهاتوودا وڵاتەکە دەتوانێت بگاتە نزیکەیی ٨٠٪ی خۆبژێوی لە پیشەسازی دەرماندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵدەدەت بگات بە ئاستی خۆبژێوی لە سەرجەم کەرتەکاندا.













گەلەری