PM:04:12:01/10/2024
872 جار خوێندراوەتەوە
راوێژکارێکی سودانی رایگەیاند، لەڕێگەی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە توانیویانە متمانەی هاوڵاتیان بە دیناری عێراقی بەرزتر بکەنەوە و بەهاکەی بپارێزن.
ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم زەلیمی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای پشتیوانیی دیناری عێراقی سەرکەوتوو بووە لە هەنگاوەکانی بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دیناری عێراقی و بەکارهێنانی بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان.
باسی لەوەش کرد، یەکێک لە هەنگاوەکان
کارکردن بووە لەسەر سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و کاریگەرییەکەی لەسەر بەهێزکردنی
بەهای دینار ئەوەش لەچوارچێوەی رێکارەکانی حکومەت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی دارایی لە عێراقدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی
هەوڵەکان، رێژەی گۆڕانکاری لە سیستەمی دارایی بەتایبەت گۆڕینی مامەڵەکان لە نەختینەوە
بۆ دراوی دیجیتاڵی و سیستمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە ٢٠٪ـەوە بۆ ٤٥٪ لەماوەی دوو ساڵی
رابردوودا زیادی کردووە. وتیشی، ژێرخانی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی گۆڕانکاریکردن لە سیستمی
دارایی عێراق دابین کراوە.