سەردێڕ:

بەریتانیا: ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هاوبەشییەکی نوێی ئەمنی لەگەڵ عێراق

PM:09:48:28/09/2024

1600 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاندووە، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی عێراق لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپی چەکداریی داعش لە ناوچەکەدا جێگیرکراون. دەشڵێت، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هاوبەشییەکی نوێی ئەمنی و بەرگری لەگەڵ عێراق.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا و عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا لە ماوەی ١٢ مانگی داهاتوو.

باس لەوەش کراوە، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانیان کار دەکەن لەسەر پەرەپێدانی هاوبەشییەکی نوێ لە بواری ئەمنی و بەرگریدا.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، دوێنێ عێراق و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە، لە ماوەی ١٢ مانگی داهاتوودا کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی عێراقدا دێت و هێزەکان دەکشێنەوە، تاوەکو مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥ـیش بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ دوای سەرهەڵدانی گروپی چەکداریی داعش، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێنرا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئەو گروپە.

لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیار درا لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بە بەشداری ٨٧ ئەندام، کە ئەرکی سەرەکییان بەرەنگاربوونەوەی گروپی چەکداریی داعش بوو لە عێراق و سوریا، بەریتانیاش وەک یەکێک لە ئەندامەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەسەر بانگهێشتی عێراق ژمارەیەک سەرباز و راوێژکاری سەربازیی رەوانەی ناوچەکە کرد و جێگیر کران.


 













گەلەری

‌بەپەلە