سەردێڕ:

سریلانکا؛ چیرۆکێکی دیکەی گۆڕانی وڵاتە بەهۆی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە

PM:10:31:25/09/2024

1740 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی ئەو شەپۆلی گۆڕانکارییەی کە لە ڕێگەی هەلبژاردنەوە زۆرێک لە وڵاتانی گرتەوە، سەرۆکی نوێی سریلانکا کە پێشتر ئۆپۆزسیۆن بووە و زۆرینەوەی دەنگەکانی بەدەستهێنا لە دواین هەڵبژاردندا، بەڵێنی داوە لە ڕێگەی چاکسازییەکی سەرتاسەرییەوە وڵاتەکەی لە قەیرانی دارایی و گەندەڵی و سەپاندنی باجی زۆر ڕزگار بکات.


لە دوای سویندخوارنی بە سەرۆکی نوێی وڵات، ئەنورا کۆمارا دیسانایاکی کە یەکەم، بەڵێنیدا هەموو تواناکانی بخاتەگەڕ بۆ دەرهێنانی وڵاتەکەی لەو قەیرانە داراییە سەختەی ماوەی دوو ساڵە تێیکەوتووە.

دیارترین خاڵەکانی پرۆگرامی هەڵبژاردنەکی سەرۆکی نوێی سریلانکا بریتیە لە هەموارکردنەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، کە بەهۆیەوە مەرجی توند بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێندراوە ، وەک زیادکردنی باج لەسەر داهات و کاڵا سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان، ئەوەش بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروست کردووە.

بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش، دیسانایاکی پشت بە پلانەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبەستێت کە بەشێوەیەکی سەرەکی تیشک دەخاتە سەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ئابوری و سیاسییەکانی وڵاتەکەی.

لە لایەکی ترەوە پشتگیریی خۆی بۆ چینی پەراوێزخراوەکان دووپاتکردووەتەوە و بەڵێنیداوە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی باج بکات، کە بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووە.

هەروەها ئەنورا کۆمارا دیسانایاکی ئاماژەی بەوەکردووە، گرنگی زۆر بە سەربەخۆیی جیۆسیاسی سریلانکا دەدات و لەو چوارچێوەیەدا جەختی لەسەر پابەندبوون بە سیاسەتێکی بێلایەن لە ناکۆکیە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.

گۆڕانکارییەکانى سریلانکا، دواى ئەوەدێت کە 21ى ئەم مانگە، لە هەلبژاردنێکى فراواندا کە نزیکەى 76%ى دەنگدەران بەشداریان تێدا کردبوو، زۆرینەى خەڵک دەنگیاندا بە ئۆپۆزسیۆن و حزبى دەسەڵاتیان وەلانا، بەوەش قۆناغێکى نوێى ئیداریی لە وڵاتەکەدا دەستبەربوو کە بانگەشەى چاکسازى ریشەى دەکات.













گەلەری