سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: چوار هەزار ئاوارەی عێراقی لە کەمپی هول گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

PM:08:51:17/09/2024

1100 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گەڕانەوەی زیاتر لە چوار هەزار ئاوارەی عێراقی، لە ئێستادا تەنها نزیکەی ١٥ هەزار ئاوارەی عێراقی لە کەمپی هولی رۆژئاوای کوردستان ماون.


ئەمڕۆ سێشەممە، کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هولی رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان، ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپەکەدا کەم بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتادا لەکۆی ٥٤ هەزار ئاوارە لە کەمپی هولدا، ٢٠ هەزار ئاوارەیان هاوڵاتیی عێراق بوون، بەڵام لە ئێستادا رێژەکە بۆ نزیکەی ١٥ هەزار ئاوارە کەم بووەتەوە.

باسی لەوەش کرد، هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی نێو کەمپەکە بەردەوام دەبێت.

پێشتر، کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو ئاوارانە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراقی دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاکی عێراق، سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپی هول دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کەمپی هول لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەسی تێدابووە کە رێژەی ٥٠٪ـی عێراقی بووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و چالاکی دەستەی چاکسازی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ساڵانە یەک بۆ سێ هەزار هاوڵاتی لەو کەمپەدا دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو خاکی عێراق.













گەلەری