سەردێڕ:

سەرۆک کۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە هەولێر

AM:08:21:12/09/2024

3224 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک لەمەوبەر، سەرۆک کۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و دواتریش سەردانی سلێمانی دەکات، بڕیاریشە لەسەر چەند پرسێکی ئابووری و ئەمنی، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر کۆ ببێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیان، نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە هەولێر، کونسوڵی ئێرانیش لە سلێمانی رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا، پزیشکیان سەرەتا دەچێتە هەولێر و پاشان سەردانی سلێمانی دەکات. وتیشی، "بڕیارە لەسەر چەند پرسێکی ئەمنی و ئابووری لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆ ببێتەوە".

باسی لەوەش کرد، جگە لەو دوو تەوەرە، لەبارەی پەیوەندییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم گفتوگۆ دەکرێت و بەگوێرەی کارنامەکەش دوو کۆبوونەوە دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتنامەی عێراق گەیشتە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەیزرانی عێراق ئەنجامدا و ١٤ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، سودانی رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکار بهێندرێت. پزیشکیانش وتی، "دوای ئەم سەردانە و ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ عێراق ئەچینە قۆناغێکی ترەوە".
شیراز عەبدوڵا - هەولێر













گەلەری