سەردێڕ:

بڕیارە تەیف سامی لەبارەی پرسی مووچە و بودجە بێتە هەولێر

AM:11:48:05/09/2024

3032 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەبارەی پرسی بودجە و داهات و خەرجی.


بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێک کە پێکدەێت لە سەرۆک و جێگری حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ.

پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەنجومەنێکی عێراق کە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق تێیدا بەشدارە و لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی کۆتاییهێنان بە گرفتی پرسەکانی مووچە، بودجە، خەرجی، داهات، باج.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق لەبەرامبەر ناردنی مووچە بۆ هەرێم، پێنج مەرج و داواکاری ئاڕاستەی شاندی هەرێم کرد، بەپێی زانیارییەکان ئەو شاندەی هەرێمیش لەم هەفتەیەدا دەگەڕێنەوە بەغدا و بڕیارە وەڵامی داواکارییەکانی بەغدا بدەنەوە.

مەرج و داواکارییەکانی بەغدا لەبەرامبەر ناردنی پارە بۆ هەرێم:

١- مەرجی سەرەکی بەغدا لە هەرێم جێبەجێکردنی بەبانکیکردنی مووچەی موچەخۆرانە لە بانکە فیدراڵیەکانی بەغدا.

٢- مەرجێکی دیکەی بەغدا رادەستکردنی نیوەی داهاتی ناوخۆیە، کە بەغدا داوای کردووە هەرێم هەموو مانگێک بڕی ١٦٠ بۆ ١٧٠ ملیار دینار بەبێ دواکەوتن رادەست بکات.

٣- بەغدا داوای لە شاندی هەرێم کردووە، پوختەی راژەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکە فیدڕاڵیەکانی عێراق بکرێت.

٤- مەرجی چوارەمیش بریتیە لەوەی کە هەرێم سەرجەم ئەو قەرزانەی لە بەغدای کردووە بیداتەوە کە بڕەکەی نزیکەی ١٤ ترلیۆن دینارە.

٥- کۆتا مەرجی بەغدا پەیوەستە بە لیستی مووچەوە، دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی مەدەنی یەک بخات، لیستێکی جێگیر ئامادە بکات، هەر ناوێک زیاد یان کەم بکات لە لیستەکەدا، دەبێت حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی لێ ئاگادار بکرێت.


 













گەلەری