شاندێکى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر سەردانى نەوەی نوێیان کرد و دۆخى سیاسى هەرێم و پرسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆفیسى هەولێری جوڵانەوەى نەوەى نوێ بڵاوی کردەوە، شاندێکى نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانى کردوون و پرسى هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستانیان تاوتوێ کردووە.
نەوەى نوێ باسى لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بە شاندەکەی نەتەوە
یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە، ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە
وادەی خۆیدا و لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، جەختیشیان لە گرنگیی چاودێریکردنى
هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە کردووەتەوە.
لای خۆشیەوە، شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی
نەوەی نوێی کردووە کە لە رابردوو و لە ئێستاشدا، هەمیشە ئامادە بوون بۆ هەڵبژاردن
و بەردەوام جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام
بدرێت کە بۆ یەکەم جارە لەلایەن کۆمسیۆنى غێراق و لەژێر سەرپەرستی نەتەوە یەکگرتووەکاندا
بەڕێوە دەچێت.