سەردێڕ:

سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر

PM:08:08:10/09/2024
3648 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر حسێن بازگر
+ -

لە دوای هەڵبژاردنی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران یەكەم سەردانی بۆ دەرەوە و بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەست پێدەکات و سەردانی بەغدا، هەولێر، بەسرە، نەجەف و كەربەلا دەکات و دواتر دەچێتە ئەمریكا.

لەو سەردانەیدا دا بە نیازە ١٤ رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی ئەمنی، ئابووری و فەرهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بوارەكانی راهێنان، هاوكاری میدیایی، بواری پەیوەندی، پۆستە، كشتوكاڵ، رۆشنبیری و هونەر و شوێنەوار، پەروەردە، كۆمەڵایەتی، راهێنانی پیشەیی و تەكنیكی، هێزی كاری شارەزا، لاوان و وەرزش، ناوچەی ئازادی بازرگانی، ژوورە بازرگانییەكان، شوێنە گەشتیاری و پیرۆزەكان ئیمزا بكات.

ئامانجی سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر پەیوەندی هەیە بە دوو تەوەر و چەند فایل و ئەجێندای تایبەتەوە.

تەوەری یەكەم/ فایلی بەغدا:

یەكەم، لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و شەڕی غەززە كۆبوونەوە لەگەڵ هێز و میلیشیا شیعەكانی عێراق (میحوەر) و پشتیوانیكردنیان و رێكخستنەوەیان، لە دوای گرژی و ئاڵۆزی دابەشبوونیان بەسەر چەند تەیار و بەرەی ناكۆكدا، هەوڵدان بۆ ئازادكردنی هاوڵاتییەكی ئێرانی بە ناوی محەمەد رەزا نووری كە لەلایەن ئەمریكاوە دەستگیر كراوە.

دووەم، باسكردن لە ئەگەری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و پاشەكشەیان بۆ كوردستان و رۆڵی میلیشا شیعەكان و حكومەتی سوودانی لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەلایەن تارانەوە.

سێیەم، پێداچوونەوە و خێراكردن بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ئەمنەییەی كە لە ئازاری ٢٠٢١ لە نێوان (عێراق و هەرێم-ئێران) بۆ داخستن و چەككردنی كەمپەكانی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان ئیمزا كراوە وەكو عەباسی عێراقچی وتوویەتی.

چوارەم، باشتركردن و زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و تاران كەوا بڕیارە لە ١٠ ملیار دۆلارەوە بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، كە یارمەتدەری گەورەی ئێرانە، لە هەلومەرجێكدا كە لە ژێر گوشاری گەمارۆكانی ئەمریكا و ئەوروپادایە.

پێنجەم، رێوشوێنی گونجاو بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە ١١ ملیار دۆلارەی كە هاتۆتە سەر عێراق لە دابینكردنی غازی سروشتی و كارەبا بۆ عێراق، كە تووشی گرفت و دواكەوتن بووە لە دانەوەی بە تاران بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكاوە.

شەشەم، سەردانی بۆ بەسڕە لە لایەك بە مەبەستی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان (بەسرە-شەلەمچە)، لەلایەكی ترەوە پەیوەندی بە راكێشانی ئەو پڕۆژە ئابوورییەوە هەیە كە توركیا بە نیازە لەنێوان كەنداوی فارس و توركیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا ئەنجامی بدات (رێگای گەشە).

تەوەری دووەم/ فایلی هەرێمی كوردستان:

یەكەم، كاراكردن و خێراكردنی ئەو رێككەوتنە ئەمنییەی كە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردوە بە گواستنەوەی كەمپ و ئۆردوگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە زڕگوێزەوە بۆ سورداش، رەنگە ئەوەش باس بكات كە داوای رادەستكردنەوە ١٢٠ لە كەسایەتی و بەرپرسی هێزەكانی رۆژهەڵات دەكات.

دووەم، دڵنیابوونەوە و پێدانی گەرەنتی لە كۆتایهاتن بە بوونی بنكە و بارەگای مووسادی ئیسرائیلی لە هەولێر كە هەمیشە گومان و بانگەشەی ئەوەی كردوە.

سێیەم، پزیشكیان بۆی گرنگە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بزانێت لە كاتی كشانەوەی كۆی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئایا هەرێمی كوردستان بۆچوونی چییە لەبارەیەوە؟
چوارەم، پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوولا، كە ئێران خوازیارە هەرێم هاوسەنگی ئابووری و سیاسی نێوان تاران و ئەنكەرە لە هەرێم رابگرێت.

ئەم سەردانەی پزیشكیان جیا لە دەعوەتی فەرمی سوودانیە و كە بانگهێشتی بەغدای كردوە رەدی ئەو سەردان و بەشدارییە كە هەریەكە لە لەتیف رەشید، سوودانی، بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی رابردوودا بۆ تارانیان كردوە.

یەكەم سەردانی پزیشكیان بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ بەغدا و هەولێر ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەم دوو ناوچەیە چەندە گرنگن لە چوارچێوەی پێگە و ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێرانن لە ناوچەكەدا و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پێگە و بەرژەوەندییە ساسی، ئابووریە، فەرهەنگی و مەزهەبیانە نابێت كە نەخشەی دوور مەودای بۆ كێشاوە.

گەلەری