سەردێڕ:

وڵاتی ئاغا و کوێخاکان

PM:04:27:08/09/2024
4660 جار خوێندراوەتەوە
کۆسرەت دڵشاد
+ -

وردە وردە چەک هەڵگرتن و کوشتنی خەڵکی سیڤیل بەهۆی چەک و چەکی بێ مۆڵەتەوە هەر لە زیادبووندایە و حکومەتیش دەستەوەستانە لەبەرامبەر ئەو کارە نەشیاو و نەشازەدا کە بەداخەوە چەندین ڕۆڵەی کورد بە بەرچاوی میدیا و خەڵک و کامێراوە لە ناو دەچن و دەکوژرێن تاوەنباریش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت. ئەوەی لێرەدا جێگای ئاماژە بۆکردن و هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەوەیە کە حکومەت ئیشی بۆتە بەیاننامە پڕکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هەوڵی درۆی بنەبڕکردنی چەک کەچی خۆیان خودی سەرەکی دابەشکاری چەک و شەقاوەن.

لە کوردستان وای لێهاتوە کەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نەبێت، نوێترین ڕوداو کوژرانی گەنجێکی ٣٠ ساڵان بەناوی ئاری چایچی کە هەموو خەڵکی جاڕی ئەوە دەدەن کە کەسێکی جوان و باش و قسەخۆش و دەست و دڵ کراوە و بێ کێشە بووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گولەی ئەنقەستی کەسێکی شەقاوە و هیچ لەباندانەبوو بێ ڕەحمانە بوو بە ئەسیری گولەیەک و مێشکی لە شەقامەکانی سلێمانی ڕژا ئەمە لەپای چی!!

ئەوە جگە لەوەی کە ڕۆژانە چەندین هەوالی کوژران و برینداربوونی هاوڵاتی تر دەبیستین بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتیەوە.

گەنجێک بە عارەبانەیەکی شڕ و دەستمایەیەکی زۆر کەم کاسبی بکات کەچی واش شەقاوە بەڕلاکانی شار نەهێڵن بە ئاسانی کاسبی خۆی بکات،ئەی سبەی من یان مناڵەکانم یان هەر کەسێکی خاک و وڵاتم چۆن بتوانن بە سەلامەتی کاری خۆی بکات؟!!. نامەوێت ڕەشبین بم، بەڵام بەداخەوە من لای خۆمەوە ناوی کوردستانم کردووە بە مەرگستان هەموو ڕۆژێک بەیانیەکی کۆنە بۆ ئێمە وەک ئەوەی بزانین لە سەرەتای فیلمەکەوە کۆتایی چیرۆکەکە بزانین کە بە خەتێکی ڕەشی سەر وێنەکان بەیانیەکی نوێ بە ڕۆژێکی تاریک دەست پێدەکەین و تا مەوەیەکی زۆر بگرە بۆ ئەبەد لە ژێر ڕەحمی کوشتن و بڕین و گولە و ڕەگباردا ڕۆژدەکەینەوە.

هەموو ئەوانەی هۆکاری دروستبوونی ئەو هەموو ئاغا و کوێخایانەن هەر ئەوانن کە ڕێگا بە درۆن و دەبابە و ناقیلە و زرێپۆشی دوژمن دەدەن بێنە ناو خاکو وڵاتمان. ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێ شتی زۆر سادە و ئاساین کە بەداخەوە مرۆڤی کورد لێی بێ بەشە گەر بێتو سەر بە لایەنێک نەبی ئەوا دور نیە ژیانت لەوپەڕی مەترسیدا بێت، چونکە هەر پارتە و هەزاران نەیاری هەیە خۆ بگرە گەر کەسێکی بوێر و ئازا و قسەکەر بیت ئەوا لە ناو باوەشی دایکت هەر وەک شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە باوەشی دایکیشتدا ئارام نیت و مەترسی مردنت هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا کە تاکە چەکی ئەم کابرایە قەڵەم بوو نەک یۆرانیۆم و ئەتۆم، بەداخەوە هەر زوو ئەو چرایە خامۆشکرایەوە.بەڵام مەخابن دەسەڵاتدارانی کورد هەمیشە خۆیاان بە مەشخەڵ هەڵگری ڕێگای ئازادی و ڕاستی دەزانن کەچی مێژوو شاهیدە و دێرەکانی مێژوو پێمان دەڵێن کە سەدان گەنجیان کرد بە خۆڵەمێش و سەلماندیان ئەوان مەشخەڵ هەڵگری گەندەڵی وناپاکین نەک ئازادی.

بەداخەوە لە سایەی سەری حکومەتی کوردیەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەر کەسەو ئاغا و کوێخایەکە،هەر کەسەو حکومەتێکی سەربەخۆیە لە کوردستان بەهۆی زۆربوونی دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتەوە لە کوردستان. بێگومان هەموو ئەوانەش لە گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی حکومەتەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئێمەی تاکی کورد لە کوردستان خراپترین ئازارمان چەشتووەلە ڕابردوو و ئێستاشدا بەهۆی گەندەڵی و بێباکی و دڵڕەقی سەرانی کوردەوە. ئازارێک کە نەوێنەی هەبووە و نە وێنەشی دەبێت.وە بێگومان هەتا پارتی و یەکێتی حاکم و نوێنەری ئێمە بن،ئەوا داهاتوویەکی باشمان نابێت بەڵکو بگرە ژیانمان ناڕەحەتتر و خراپتر و پڕ لە ئازارتر دەبێت.

مرۆڤ کە گرێ ژێرپەنجەیی لە جەستەیدا دروست ناحەسێتەوە و هەر لە ئازاردا دەبێت تاوەکو ئەو گرێ ژێرپەنجەییە لانەبات، ئێمەی خەڵکی کوردستانیش هەر لە ئازارو نارەحەتی و نەهامەتیدا دەبین تاوەکو پارتی و یەکێتی لانەدەین لە دەسەڵات چونکە بەڕاستی پارتی و یەکێتی وەکو نەخۆشی صرطان وان بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو بگرە خراپتریشن.

وە بێگومان باشترین شتیش کە لە ئێستایە بکرێت بۆ لاوازکردنی پێگەو لادانی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانە لە دەسەڵات شۆڕشی قەڵەم و پەنجە نەکردنە مۆری خیانەتە بۆ ئەو حیزبانە.

گەلەری