سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. وردەکاریی رووداوی هەڵکوتانە سەر خواردنگەیەکی هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە

AM:10:55:22/08/2024

9508 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە خواردنگەیەکی شاری هەولێر شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەند کەسێکدا روویدا، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی رووداوەکە بەشێوەیەک بووە کە دوو کەس سەردانی ئەو خواردنگەیەیان کردووە و لەلایەن چوار کەسی چەکدارەوە بە جلی مەدەنییەوە هێرش کراوەتە سەریان و بریندار کراون.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر حەوتی ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە خواردنگەیەکدا شەڕ و پێکدادان لەنیوان چەند کەسێکدا دروست بووە.

باسی لەوەش کرد، رووداوەکە بەوشێوەیە بووە کە دوای ئەوەی دوو کەس سەردانی خواردنگەیەکیان کردووە، چوار کەس بە جلی مەدەنی و چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو خواردنگەیە و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو دوو کەسە.

ئەوەشی خستە روو، لە ئەنجامی شەڕ گرژییەکانی نێوانیان، ئەو دوو کەسەی هێرشیان کرایە سەر بریندار بوون و ئەو چوار کەسەشی چەکیان پێ بووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر خواردنگەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.

هاوکات، خاوەنی خواردنگەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەڕەکە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نەبووە تەنها لەو کاتەی ئەو دوو کەسە سەردانی خواردنگەکەیان کردووە لەلایەن چوار کەسەوە بە چەکەوە هێرش کراوەتە سەریان.

بە وتەی شایەتحاڵانیش، ئەو چوار کەسە لەکاتی شەڕەکەدا چەند تەقەیەکیان کردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

هەڤال فازیل – هەولێر













گەلەری