سەردێڕ:

جێگرەوەکەی ئیسماعیل هەنیە کێیە؟

AM:10:24:07/08/2024

2472 جار خوێندراوەتەوە

پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە هەفتەی رابردوو لە تارانی پایتەختی ئێران، بزووتنەوەکە رایگەیاند، یەحیا سینواری سەرۆکی بزووتنەوەکەیان لە غەززە، وەک جێگرەوەی ئیسماعیل هەنیە و سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی دیاری کردووە.


یەحیا سینوار، سیاسەتمەدار و فەرماندەیەکی سەربازیی فەڵەستینە کە لە ساڵی ١٩٦٢ لە کەمپی پەنابەرانی خان یونس لەدایک بووە، ، حکومەتی ئیسرائیلیش، سینواری بە پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی سەر ئیسرائیل ناساندووە.

لە ساڵی ١٩٤٨ـدا بەهۆی جەنگی فەڵەستینەوە، خێزانەکەی سینوار لە شاری مەجدەل "ئاشکیلۆن"ـەوە ئاوارە بوون و روویان کردە کەمپی ئاوارەکانی خان یونس، کە لەوکاتەدا غەززە لەژێر دەسەڵاتی میسڕدا بوو، لە ئۆکتۆبەری ١٩٦٢ـدا، سینوار لەدایک بوو و سەرەتای ژیانی و تەمەنی لاوێتی لەو کەمپەدا بەسەر برد.

دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی لە خوێندنگەی خان یونس، سینوار چووە زانکۆی ئیسلامیی ‌غەززە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی بەدەستهێنا.

"٢٣ ساڵ زیندانی"

یەحیا سینوار بۆ یەکەمینجار لە ساڵی ١٩٨٢ و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، لەگەڵ چەندین چالاکوانی دیکەدا دەستگیر کران و ماوەی چەند مانگێک لە زینداندا مایەوە، هەر لەو ماوەیەشدا سەڵاح شەحادەی سەرکردەی دیاری حەماس و فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام "باڵی سەربازی حەماس"ـی ناسی.

جارێکی دیکە و لە ساڵی ١٩٨٥ـدا سینوار دەستگیر کرایەوە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار بوو بە کوشتنی چەندین سەربازی ئیسرائیلی و ئەو فەڵەستینیانەی کە هاوکاری ئیسرائیلیان دەکرد، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ناسناوی "قەسابەکەی خان یونس"یان لێ نابوو.

لە ساڵی ١٩٨٨ـدا، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی و چوار کەسی فەڵەستینی کە هاوکاری هێزەکانی ئیسرائیلیان کردووە، جارێکی دیکە یەحیا سینوار دەستگیر کرا، لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا دانی بەوەدا نا کە پلانی کوشتنی ئەو کەسانەی داناوە و تەنانەت یەکێک لەوانەشی بە دەستەکانی خۆی خنکاندووە، بەوهۆیەشەوە لە ساڵی ١٩٨٩ـدا، چوار سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە چەندین جار هەوڵی راکردنی لە زیندان دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

"ئازادبوونی سینوار"

لە ساڵی ٢٠١١ـدا، دوای ٢٣ ساڵ لە زیندانیکردنی، یەحیا سینوار و زیاتر لە هەزار فەڵەستینی دیکە، لە ئاڵوگۆڕێکی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا ئازاد کران، دوای ئازادبوونیشی رایگەیاند، داوا لە هێزەکانی حەماس دەکات تا دەتوانن سەربازی ئیسرائیلی بە بارمتە بگرن، بۆ ئەوەی بتوانن لە دواتردا لەگەڵ زیندانییە فەڵەستینییەکاندا ئاڵوگۆڕیان پێ بکەن.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، ئیسماعیل هەنیە بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، یەحیا سینوار وەک سەرۆک و بەرپرسی یەکەمی حەماس لە کەرتی غەززە دیاری کرا.

"حەوتی ئۆکتۆبەر و پلاندانان بۆ هێرشەکە"

لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، هێزەکانی حەماس لە رێگەی سەدان مووشەکەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و جەنگی ئیسرائیل – حەماس دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، حکومەتی ئیسرائیلیش، سینواری بە پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی سەر ئیسرائیل ناساندووە.













گەلەری