کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی ناکەن هیچ جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت. جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، "کوشتنی هەنیە تیرۆرێکی سیاسی قبوڵنەکراوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا سەبارەت بە کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، کوژرانی هەنیە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز دەکات، بەڵام، پێشبینی ناکەن هیچ جەنگێکی نوێ روو بدات.
هەر لەو بارەیەوە، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی
بەوە کرد، کوژرانی هەنیە تیرۆری سیاسییە و رەنگە ببێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هەرچەندە راستەوخۆ ئیسرائیلی بە
ئەنجامدەری هێرشەکە نەناساندووە، بەڵام رووداوەکەی بە رووداوێکی قێزەون ناوبرد.
لەلایەکی دیکەشەوە، هەریەکە لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین و محەمەد مستەفا
سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، ئیدانەی
رووداوەکەیان کرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی
سیاسیی بزوتنەوەکەیان لە هێرشێکدا و لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران
کوژراوە و ئیسرائیلیان بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد.