سەردێڕ:

پێنج چەکداری داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیرکران

PM:10:56:28/01/2025

2480 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە سێ ئۆپراسیۆنی جیادا توانیان لەدەوروبەری سلێمانی "پێنج تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن".


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، لەماوەی رۆژانی ١٩، ٢٣ و ٢٦ـی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا، توانیان پێنج چەکداری داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆپەڕاسیۆنەكان لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی چەکدارە توندڕەوەکان ئەنجامدراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەو كەسانە بە مەبەستی خۆحەشاردان روویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کە لەماوەی رابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیووە و لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ٤ـی تیرۆر راگیراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.













گەلەری