سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو گەنجەی کۆیە کە تەرمەکەی لە سنووری نێوان ئێران و تورکیادا دۆزرایەوە

PM:03:46:30/07/2024

11108 جار خوێندراوەتەوە

هەفتەی رابردوو تەرمی گەنجێکی کورد لە سنووری نێوان ئێران و تورکیادا بە کوژراوی دۆزرایەوە کە شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بوو.


ئەو گەنجە وەک هەر گەنجێکی دیکەی ئەم وڵاتە بە نیەتی دابینکردنی ژیان و داهاتوویەکی دڵنیا و شایستەتر بۆ کچە سێ ساڵان و خۆی و هاوسەرەکەی؛ رێگای ئەوسەر لێ دیارنەبووی قاچاخی گرتەبەر.

محەمەد عوسمانی تەمەن ٣١ ساڵ؛ بە خۆی و نزیکەی ٢٧ گەنجی دیکەوە لە ئێرانەوە هەوڵ دەدەن بە قاچاخ بچنە ناو تورکیاوە، لەوێشەوە هەر بەهەمان شێوە بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەون.

بەر لە گەیشتنیان بە تورکیا لەسەر سنوور؛ ئاشکرا دەبن و هێندەیان ئەشکەنجە دەدەن، محەمەد و دوو کەسی دیکە گیان لەدەست دەدەن و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی بریندار دەبن.

کەسوکارەکەی باس لەوەدەکەن، کوڕەکەیان شوێنەواری ئەشکەنجەی توند و فڕێدانەخوارەوە بە جەستەوەی بووە.

محەمەد دانیشتووی ناحیەی ئاشتی سەر بە کۆیە بووە، هاوسەرگیری کردبوو و خاوەنی کچێکی سێ ساڵان بوو، ئەو چەند جارێک هەوڵی وەرگرتنی ڤیزای تورکیای دابوو؛ بەڵام بۆی نەهاتبووەوە.

کەسوکارەکەی باس لەوەدەکەن، ئەوان دوای هەفتەیەک لە رووداوەکە و مانەوە لەسەر سنوور، ئنجا توانیویانە تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە و ئەمڕۆش ماڵئاوایی کۆتاییان لێکرد و هەر لە گۆڕستانی ناحیەکەی خۆیدا بەخاکیان سپارد.

محەمەد یەکەم گەنج نییە لەو رێگایەدا گیانی لەدەستدابێت و کۆتا گەنجیش نابێت، لە سایەی دەسەڵات و حوکمی پارتی و یەکێتییەوە بە هەزاران گەنجی دیکە هەن کە بێزارن لەدەست نەبوونی هەلی کار و ژیانێکی شایستە، ئەو گەنجانە باس لەوەدەکەن، ئەوان لە ناو خاک و وڵاتی خۆیاندا ناتوانن گەنجێتی ببینن و لە خاکی بێگانەشدا ئاسوودە نابن، بەڵام لانی کەم دڵنیاترن لە ژیان و داهاتووی خۆیان و خێزانەکانیان.

ماوەی چەندین ساڵە لە هەرێم؛ بەهۆی حکومەتەوە چەندین کەرت پەکیان کەوتووە و خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاوڵاتییان ناکرێت یان بە کەموکوڕییەوە دەکرێت، هەر لە سادەترینیانەوە تاوەکو خزمەتگوزاری تایبەت. نە لە نەخۆشخانە گشتییەکان دەرمان هەیە، نا ئاو و کارەبای نیشتیمانی وەک پێویست دەدرێتە هاوڵاتییان، نە شەقام و رێگاوبانەکان گونجاون، زۆری باج و نەبوونی هەلی کار، نەهێشتنی بەها بۆ پیشە پیرۆزەکانی کۆمەڵگە وەک مامۆستا؛ نەهێشتنی بەهای خوێندن و بڕوانامە، نەبوونی دامەزراندن و تەنانەت گرێبەست، پێنەدانی پێشینە و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان بۆ هاوسەرگیری و رزگاربوون لە کرێچێتی؛ ئەمانە و چەندین گرفتی دیکەی مافە سەرەتاییەکانی ژیانکردن بەرۆکی هاوڵاتییان و گەنجانی گرتووە. خۆ ئەگەر هاوڵاتییەکیش بێتە سەر شەقام یان لە سۆشیاڵ میدیاوە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕێت، هەڕەشەی لێدەکرێت؛ ئەویش یان دەبێتە قوربانی وتنی راستییەکان یانیش "وامزانی رادیۆیە"ـەکی پێدەردەکەن.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هەزاران پیر و گەنج و منداڵ رێگای هات و نەهاتی قاچاخیان گرتووەتەبەر، کە یان گیانیان سپاردووە یانیش گەیشتوون و ئێستا لەوێ ژیانێکی دووبارە و دوورە وڵات بە حەسرەتی خاکی دایکیان بەسەر دەبەن.

لە ٢٠ی مانگی شەشی ئەمساڵدا، کە رۆژی جیهانی پەنابەرانە، فازڵ غەراوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکان چوار ملیۆن پەنابەری عێراقی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانن، کە بەشێکی زۆریان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکەن، هەندێکی دیکەشیان دەکەونە وڵاتە عەرەبییەکانەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تاوەکو ٢٠٢٣، ٧٥٧ هەزار و ٣٢٣ پەنابەری خوار ١٨ ساڵ داوای پەنابەرییان پێشکەش بە وڵاتە ئەوروپییەکان کردووە.

هـ.ئـ













گەلەری