سەردێڕ:

جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئێران،
هەڵگیرسانی جەنگێكی گشتگیری جیهانی

PM:03:54:02/04/2026
1588 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەو ڕادەیەی سیاسی بوو شۆڕشێكی كەلتووریش بوو، چونكە ئێران لە دوای شۆڕشەوە گەلانی ئێران هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان خستە سیستەمێكەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا كە لەگەڵ نەیارەكانیدا بكەوێتە هەژموونگەراییەوە و ئێرانی هەزار ساڵەی خستە پێش خۆیەوە لە ڕووی هەژموونگەراییەوە كە تەنها دەوڵەتێكی بچووك نەبێت، ڕەنگە بتوانرێت بوترێت كە لە پیشاندانی هێزی خۆی زێدەڕۆیی كرد كە ئەمەش پێچەوانەی زلهێزەكانی وەك ئەمریكا و ئیسرائیلە كە هەموو كات پێیان وابووە لە ڕێگەی دانوستانەوە بێت یان شەڕ پێویستە لە بەرژەوەندی هێزەكانی هەژموونگەرایی سەرمایەداری و سەربازی ئەوانە بێت، بەڵام كاتێك دەبینن ئۆلیگارشی شیعە و هەژموونگەراییان لە ناوچەكە لاواز نین ئەوا كەوتنە گەڕی چارەسەری بە پێویست دەزانن. ئیسلامی ڕادیكاڵ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤییەت وەك دوژمنە سەرەكییە نوێیەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل دەبینرێت و بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و ئایینی ئینجیلی خۆیان و پرۆستانەكان دەبینن. لە ڕاستیدا ئایین وەك دەمامكێكی ئایدۆلۆژی بەكار دەهێنرێت لای ڕۆژئاواییەكان كە لە ناوەڕۆكدا تەواوكردنی دامەزراوەیی و جێگیركردنی هەژموونگەرایی سەرمایەداری و سەربازییە لە ناوچەكە و جیهاندا. جەنگی ئەمریكا و ئێران بەتایبەتتر ڕێگرییە لە هەڵكشانی چین كە ئەگەری زۆرە ببێتە ڕەقیبە نوێیەكەی جیهان بەرامبەر ئەمریكا. ئامانجی یەكەمی شەڕ بەلای ئەمریكاوە ئەوەیە، بەڵام لە پێناو ڕەواكردنی شەڕەكەیان دەبوایە هۆكارگەلێك بخەنە ڕوو. شاڵاوە جەنگییەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل لەم جەنگەدا لە میانی باڵابوونی تەكنەلۆژیایە كە لە بەئامانجگرتنی چەندین سەركردەی باڵا بە ئامانج گەیشتن، بەڵام ئەو ئامانجە بەدی نەهات كە بتوانرێت عەقڵی سیاسی و ئۆلیگارشی شیعە لەناو ببرێت. ئەم سەركەوتنە لە بواری ڕووخانی ڕژێم و جووڵەی شەقام و نەیارانی نێوخۆی ڕژێمەوە بەدەست نەهێنرا وەك ئەوەی چاوەڕوانی لێ دەكرا و نەبوونە كێشەگەلێك كە ڕژێم نەتوانێ بەرگەیان بگرێ. ئەمریكا و ئیسرائیل تا ئێستا نەیانتوانیوە لە ڕێگەی سەربازییەوە بە ئامانجەكەیان بگەن و دەركەوت هێزێك لەبەرامبەریان نییە بە ئاسانی بیگۆڕن، چونكە لە ڕاستیدا ئەم جەنگە بەرۆكی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەورووپاشی گرتووەتەوە و تووشی بەدەستخستن و بونیادی قەیرانی وزە بوونەتەوە. بەردەوامی شەڕ دوور نییە ڕێگە لە پێش چەند گەورە شەڕێكی دیكە بكاتەوە و ببێتە دژی لێشاوە سەرەكییەكەی مرۆڤایەتی. ئەم جەنگەی ئێستا زیاتر لە پێكدادانە مەزهەبییەكان دەچێت، ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات دنیای هەژموونگەرایی و پۆتانسێلی شاراوەی درز و ڕێڕەوە نهێنییەكانی پشت پەردەیە كە یاریكردنە بە ژمارەكانی پارچە كاغەزەكانی تریلیۆنان دۆلار، ئەمەش سیستەم و سیاسەتێكە كە تایبەتمەندیی شێرپەنجەیی بۆ ژینگە و مرۆڤایەتی بەجێ دەهێڵێت.

ئەمریكا لەو بڕوایەدایە كە مانەوەی ئێران بەم چەشنە و پەلهاویشتنی لەوانەیە ڕۆژهەڵاتی ناوینی داهاتوو لە ڕێگەی ئێران و هاوپەیمانەكانییەوە شێوە بگرێت. كردەی بەكارهێنانی سەربازی ساتی گۆڕینی حەقیقەتەكانە، چونكە ڕێگا چارەی دیپلۆماسی نەیتوانی نەیارەكەی بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ملكەچبوون. ئەمریكا و هەڵگرانی بیری ئینجیلی پێیان وایە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئامانجەكان شیعەن نەك سوننە مەزهەب، بۆیە ئەم جەنگە چەندی ڕێی تێ دەچێت زانست لە دۆخی تەكنەلۆژیا و سەربازیدا بكاتە زانستگەری، هێندەش ئایین و مەزهەب خراوەتە دۆخەوە.

ئەم جەنگەی ئێستا پاراستنی ئەو وڵاتانە نییە كە هاوكارن لە سیاسەت و ئابووری و پەیوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و جیهان، بەڵكوو پارێزگارییە لە پرسە ستراتیژی و ئابووری و جیۆپۆلۆتیكییەكانی خۆی لەبەرامبەر نەیارەكانیدا بەتایبەت چین. ئەمریكا هەموو كات یەكێك لە دەستكەوتەكانی شەڕ بووە، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە مێژوو دووبارە خۆی تۆمار نەكاتەوە، چونكە تەشەنەسەندنێكی هەرە خێرای جیهانی پەرەی سەندووە كە خاوەندارێتی ئابوورییەكی جیهانی دەستدرێژیكەر ئاسان و ئاسایی نییە!

ترسی ئەمریكا لە چین بوون بە گەورەترین ئیمپراتۆریای ئابووری جیهانە كە بە هەنگاونانی كیسەڵی هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت. ئەو ژێرخانە ئابوورییەشی كە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دادەڕێژێتەوە ئێران و ناوچەكەیە بە گەرووەكانەوە كە هاوشانە بۆ دروستكردن و گەیشتن بەو ڕێگایە. شیكردنەوەی واقیعە سیاسی و سەربازییەكە شەڕكردنە لەگەڵ ئیمپراتۆریای ئیسلام بەلای ئەمریكاوە، چونكە پێی وایە كاریگەری گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دروست كردووە. ئەمە و جگە لەوە ئێران پێگەیەكی زۆر بەهێزە بۆ ئەمریكا بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ناوچە نەوتی و ستراتیژییەكانی چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوین كۆنتڕۆڵ بكات.

هەژموونی ئێران لە ناوچەكە سەرەڕای سزا ئابوورییەكان و بەردەوامی هێرشەكان هێشتا بەلای ئەمریكاوە باڵادەستن و هێشتا كەنداو بەدەست ئێرانەوەیە و لە یەمەنەوە لە ڕێگەی حوسییەكان هەڕەشە لە ڕێڕەوەكانی گواستنەوەی نەوت دەكەن و گەرووی هورمز شەڕ لەسەر سەپاندنی باڵادەستی خۆیان لەسەر ڕێڕەوە جیهانییەكە و سەرچاوەكانی وزەیان دەكەن و تا ڕادەیەك كۆنتڕۆڵی بازاڕ و سەرچاوەكانی وزەیان كردووە. ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتوو و براوەی جەنگەكە دەدات جەنگە گشتگیرییە جیهانییەكەیە لە ڕووی ئابووری و سەربازی و ڕێككەوتنە سیاسی و دیپلۆماسییەكانە.


گەلەری