سەردێڕ:

لەمساڵدا ٤٩ حاڵەتی خنکان لە هەرێم تۆمار کراون

PM:05:38:25/07/2024

1716 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٢٥ـی ٧، رۆژی جیهانی خۆپاراستنە لە خنکان و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێمیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٤٩ حاڵەتی خنكان لە هەرێم تۆماركراون کە زۆرترین حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم نزیکەی ٥٠ حاڵەتی خنکان تۆمار کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین حاڵەت لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی تۆمار کراون کە لە هەریەکەیان نۆ حاڵەتی خنکان هەبووە.

ئەوەشی خستە روو، شەش حاڵەتی دیکە لە پارێزگای دهۆك، ئەوانی دیكەش لە هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و سۆران و زاخۆ و ئاکرێ تۆمار کراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و بەهۆی چوونی هاوڵاتیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە دەریاچە و چەم و رووباریان لێوە نزیکە، بەهۆی کەمی یان نەبوونی هێماکانی ئاگادارکردنەوەشەوە، حاڵەتەکانی خنکانی هاوڵاتیان و گەشتیاران بەردەوام روو دەدەن.

١٢ـی ئەم مانگە، کەسێکی تەمەن ٤٤ ساڵ لە بەنداوی دەربەندیخاندا خنکا، دوای سێ رۆژ گەڕان بەدوایدا، تەرمەکەی دۆزرایەوە. لە سەرەتای مانگی رابردوودا، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دەریاوانی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتییەک لە بەنداوی کۆچەکی سەر رووباری خاسەدا خنکاوە.

لە ٢٤ـی ئایاری ئەمساڵیشدا، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە بەنداوی خاسە خنکا، لە هەمان رۆژیشدا مێرمنداڵێکی ١٣ ساڵان لە گوندی گەرماڤای دهۆک لە ئاوی سیلاڤدا خنکا. لە ٢٢ـی ئایاردا گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە رووباری سیرواندا خنکا. رۆژی ١٧ـی هەمان مانگیش، باوک و کوڕێک لە رووباری چۆمانی سنووری گەڵاڵەی چۆمان خنکان. لە ٢٨ـی نیسانیشدا، پیاوێکی تەمەن ٧٤ ساڵ لە سەیرانگای کونەماسیی سلێمانی خنکا.

هێرش قادر – هەولێر













گەلەری