سەردێڕ:

مانگی سوری فەڵەستین بۆ ئێن ئاڕ تی: قەیرانی مرۆیی رووی لە غەززە کردووە

PM:10:26:16/07/2024

1584 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی خۆبەخشانی کۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستینیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی ٢٨٥ رۆژی رابردوودا بەهۆی رووماڵی گواستنەوەی رووداوەکانی پەیوەست بە غەززە، ١٦٠ رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، یونس ئەحمەد، بەرپرسی خۆبەخشانی کۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستین لەبارەی گرژی وئاڵۆزییەکانی غەززەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی ٢٨٥ رۆژی رابردوودا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە ١٦٠ رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا دێت دۆخی ناوچەکە خراپتر دەبێت، جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو رۆژنامەنووسانە، ٢٠٠ رۆژنامەنوسی دیکەش برینداربوون.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی لە گرژی و ئاڵۆزییەکان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣٩ هەزار کەس، پێشبینیش دەکرێت رێژەکە بەرزتر ببێتەوە. وتیشی، "غەززە پێویستی بە هاوکاری زیاتر هەیە، ئاوارەکانی فەڵەستین کە ژمارەیان یەک ملیۆن و٢٠٠ هەزار کەسە بە سەختی دەستیان بە خۆراک و ئاو دەگات ئەوەش دووچاری قەیرانی مرۆیی زیاترمان دەکاتەوە".

ئەوەشی خستە روو، ژێرخانی تەندروستی فەڵەستین ٤٠ ساڵ گەڕاوەتەوە دواوە و بەگوێرەی پێویست نییە، ئەوەش وای کردووە کە چارەسەرکردنی بریندارەکان کاتی زیاتر بخایەنێت.

لەلایەکی دیکەشەوە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار باڵەخانە لە غەززە رووخاوە، کە کۆکردنەوەی پاشماوەکانیان پێویستی بە زیاتر لە ١٥ ساڵ هەیە و کەرتی تەندروستی لەغەززە گەڕاوەتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەبەرەبەیانی رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەریهەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە کە بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.













گەلەری