سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسڕائیل و حەماس رێککەوتوون لەسەر چۆنیەتی گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ئەمڕۆ هەینی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شەش مانگ پێش ئێستا چوارچێوەیەکی گشتگیری پێشکەش بە حەماس و ئیسڕائیل کرد کە خۆی لە چۆنیەتی پێکهێنانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکاندا دەبینییەوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ ١٢ـی تەمموز، حەماس و ئیسڕائیل گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو
چوارچێوەیە کە خۆی لە چۆنیەتی ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست بگیرێنە
بەر، دەبینێتەوە.
ئەوەشی خستە
روو، لە ئێستادا هەردوولا لەسەر چۆنیەتی گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی بۆ ئاگربەست پێویستن
رێککەوتوون، بەڵام هێشتا چەندین کار ماون بکرێن تاوەکو ئیسڕائیل و حەماس بگەن بە رێککەوتنی
تەواو بۆ پێکهێنانی ئاگربەست.
باسی لەوەش
کرد، ئەو شاندەی بۆ دانوستان لەگەڵ حەماس و ئیسڕائیل ناردویەتی بەردەوام لە هەوڵدان
بۆ رازیکردنی هەردوولا بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و بڕیاری داوە ئەو پرسە بگەیەنێت بە
ئەنجام.
جەنگی حەماس
و ئیسرائیل لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەردەوامە ، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی
حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.
دوای ٤٨ رۆژ
لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی ١١ـی ساڵی رابردوو ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی
چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر
ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیسرائیل
سێ دیلی فەڵەستینی رزگار بکات.
لەدوای ئەو
ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا هیچ ئاگربەستێکی دیکە لەنێوان حەماس و ئیسڕائیل پێکنەهێنراوە
و بەردەوام میسر و قەتەر و ئەمریکا لەنێوەندگیریدان بۆ رازیکردنی حەماس و ئیسرائیل
لەسەر رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست.