سەردێڕ:

دوای ئەنجامدانی چاکسازی لە بانکەکانی عێراق؛ سەرمایەی بانکێک ٤٥٠ ملیار دینار بەرزبووەوە

PM:12:58:10/07/2024

1180 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار لە لیژنەی چاکسازی بانکەکانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر چاکسازی بانکەکان رێککەوتن ئەنجامدرا، لەماوەی ئەمساڵدا سەرمایەی بانکی خانووبەرەی عێراق ٤٥٠ ملیار دینار بەرزبووەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی لیژنەی چاکسازی بانکە سزادراوەکان و بانکەکانی عێراق لەبارەی چاکسازی بانکەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی پێنج مانگە سیستمی چاکسازی رۆژ بەرۆژ متمانە و داهاتی بانکەکان باشتر دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی متمانەی بانکەکان و بەتایبەتیش بانکی خانووبەرەی عێراقی لەماوەی چارەکی دووەمی ئەمساڵدا سەرمایەی بانکەکە گەیشتووتەوە ٥٠٠ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار، لەکاتیکدا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا تەنها ٥٠ ملیار دینار بووە.

باسی لەوەش کرد، سەرمایەی بانکەکە بەرێژەی ٩٠٠٪ گەشانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، هەر بۆ ئەومەبەستەش بیر لەوەدەکەنەوە، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بانکی خانووبەرە، بانکی سندوقی خانووبەرە و گەشەپێدان؛ تێکەڵی یەکتر بکەن.

سزای سەربانکەکان لادەبرێت

رۆژی ٧ـی نیسانی ئەمساڵ چاوگێک لە شاندی بانکی ناوەندیی عێراق لە واشنتۆن بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، بە مەبەستی کەمکردنەوەی سزای سەر بانکە سزادراوەکان کە ٣٢ بانکە و ئەنجامدانی چاکسازی و داڕشتنەوەی سیستمی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئەنجوومەنی چاکسازی و دارشتنەوەی پلانی بانکەکان پێکدەهێنرێت.

یەکەم کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا

رۆژی ٩ـی نیسان بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی بانکە سزادراوەکانەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نوێنەرایەتی بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی ئاساییان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزای سەر بانکەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتنێک لە سوودی بانکەکانی عێراق. وتیشی، "هێشتا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بانکەکانی دیکە و بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی چاکسازی بانکەکان دروستکراوە کە تێیدا بانکەکان لەژێر رێنمایی بانکی ناوەندی و ئەمریکا مامەڵەداراییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە".

قۆناغی سەرەتایی چاکسازی لە سەرجام بانکە حکومییەکان و بانکە سزادراوەکان؛

بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی ٦ـی نیسان لەگەڵ نوێنەرایەتی ٣٢ بانکە سزادراوەکە و نوێنەرایەتی بانکە حکومییەکان کۆبوونەتەوە و بە گوێرەی کۆبوونەوەکەش بڕیاردراوە کە لە چوارچێوەی سیستمی بانکی نێودەوڵەتی چاکسازییان تێدا بکرێت و دووبارە پلانی بانکی دابڕێژنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ٩ـی ئایاری ئەمساڵ چاوگێکی ئاگادار لە راگەیاندنی بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی بانکی فەرەنسا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پڕۆسەی داڕشتنەوەی بانکە عێراقییەکانی دەست پێ کردووە، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی سەرمایەیی بانکە ناوخۆییەکان.













گەلەری

‌بەپەلە