سەردێڕ:

فیلمی ١٩٨٨ بووە خاوەنی سێ خەڵات لە فێستیڤاڵی جیهانیی ئەڤینیۆن لە فەڕەنسا

PM:12:14:09/07/2024

3468 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لە فەڕەنسا فیلم فێستیڤاڵێکی جیهانیی بە ناوی " ئەڤینیۆن " بەڕێوە چوو، فیلمی ١٩٨٨ بووە خاوەنی سێ خەڵاتی فیلم فێستیڤاڵەکە.


خەڵاتەکان بریتیین لە: باشترین فیلمی درێژ، باشترین ئەکتەری کوڕ لە رۆڵی سەرەکیدا کە (حەمید یوسف) لە رۆڵی (تۆڵە)دا بینیویەتی، باشترین ئەکتەری کچ لە رۆڵی سەرەکیدا کە (دڵنیا محەمەدی) لە رۆڵی (شیلان)ـدا بەرجەستەی کردووە.

فیلمی ١٩٨٨ بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردنی فێستیڤاڵە جیهانییەکان و بردنەوەی خەڵاتەکان.

فیلمەکە باس لە زستانی ساڵی ١٩٨٨ دەکات کە لە چڕترین سەردەمی شەڕی ئێران - عێراقدایە، پێشمەرگە چالاکی بەردەوامیان هەیە لە دژی حزبی بەعس لە شاری هەڵەبجە، لە فیلمێکی فرە چیرۆکیدا، چیرۆکی جۆراوجۆر لە کارەکتەر و بنەماڵە جیاوازەکانی هەڵەبجە دەگێڕنەوە، لەوانە (عومەری خاوەر)، هەروەها چیرۆکی پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێڕ کە لە کاتی یەکێک لە چالاکییەکانیدا لەناو شاری هەڵەبجە عاشقی مامۆستایەکی قوتابخانە دەبێت.

لە فیلمەکەدا راستی رووداوەکانی ئەو سەردەمەی هەڵەبجە لە رێگەی چەند چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشەوە دەگێڕدرێتەوە کە لە یەک دوو مانگ پێش بۆردوومانی شارەکە هەتا رۆژی ١٦ـی ئازاری ١٩٨٨، ئەو رۆژەی کە هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرا، بە وردەکارییەوە تاوان و جینۆساید بە چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سیڤیلی هەڵەبجە نیشان دەدرێت.

ستافی فیلمی ١٩٨٨ لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکی سینەماکاری ئەکادیمی کوردی هەرێمی کوردستانن و بەشێکی دیکەشی کەسانی خاوەن ئەزموون و بەناوبانگی وڵاتی ئێرانن لە کورد و لە فارس.

فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی هێژوان زەندییە و بەرهەمهێنانی رێمان شەوکەتە، هەروەها کاری بەڕێوەبەری وێنەگرتنی لەلایەن هومان بێهمانشەوە بۆ ئەنجامدراوە.

سیناریۆی فیلمەکە لەدوای چەند مانگێک توێژینەوە و گەڕان لەناو شاری هەڵەبجەدا نووسراوەتەوە کە ماوەی پێش بەرهەمهێنان و ئامادەکردن "پری پرۆدەکشن" حەوت مانگ بووە و ماوەی وێنەگرتن ٤٥ رۆژ بووە.

شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە لە ناو شاری هەڵەبجە و دەوروبەریدا بووە، فیلمەکە بە ئامێر و کەلوپەلی وێنەگرتنی ئاست بەرزی سینەمایی بەرهەمهێنراوە و بودجەی فیلمەکە زیاد لە یەک ملیۆن دۆلار بووە.


No description available.

No description available.

No description available.












گەلەری