دادپەروەری لە چنگی تاریکیدا؛ کاتێک ویژدانی
دادگا دەمرێت
PM:03:55:26/10/2025
360 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+
-
کاتێک دادگا دەبێتە سێبەری دەسەڵات، ئەوە دەبێتە
ژێر فەرمانێک لە فەرمانە تۆتالیتارییەکانی ئەو دەستەڵاتە. بۆیە هەر بڕیارێکی ئەم
دادگەیە، ئەکتی دەستەڵاتی سەردەستە و کانگەی کوشتنی هیواخوازانە. هەر کە دادگە دەستبەسەر
دەکرێت، ئەوە ویژدانی دادگە دەمرێت، پەرژینی مافەکان دەشکێت و ستەم دەبێتە حوکم و
ڕەوڕەوەی ڕەوای دەسەڵاتی خۆسەپێن.لەوێوە تۆمەت و سیناریۆ دروستکراوەکان، دەبنە
مژاری ڕۆژەڤ و ڕۆژەڤ دەبێتە ڕاستینە، بۆیەشە درۆ و چەواشەکاری زۆر بە ئاسانی جێگەی
هەقیقەت دەگرنەوە و دادگاش دەبێتە چەکوشی نێو دەستیان، هەر ئەوەیە وادەکات دادگا گۆڕستانێک
بۆ ماف، ئازادی و کوشتنی ڕۆح و هیوا بێت.
ڕووناکی دادپەروەری، کاتێک لە وڵاتێکدا بە لاوازی
دەدرەوشێتەوە و گۆچانی دەستەڵات لە دەستی ناهەقیدا بێت، ستەم و زۆرداری وەک
باڵندەیەکی ڕەش بە ئاسماندا دەفڕن و سێبەری ترس و بێئومێدی بڵاودەکەنەوە. کاتێک ماف
دەبێتە قوربانی و دەستی بێویژدانی، دادگە دەبێتە گۆڕەپانی یاریی سیناریۆ دروستکراوەکان،
ئیتر چاوەڕوانیی دادپەروەری، وەک چاوەڕوانیی گەیشتنی بەهارە لە ناوەڕاستی زستاندا. هیچ هەستێک لەوە ناخۆشتر نییە،
کە بێتاوانێک ببێتە قوربانی دەستی دەستەڵاتێکی زۆردار.
با بەیەکەوە بیربکەینەوە، لە ساتێکدا کە تۆ دڵنیایت
لە بێتاوانی خۆت، ناچار دەکرێیت بچیتە بەردەم دادگایەک، کە دەبوو پەناگەی
ستەملێکراوان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا بووەتە ئامرازێکی گوێڕایەڵ بەدەستی هەمان ئەو
هێزەی، کە ستەمی لێکردویت. ئیتر چ هەستێکی ناخۆشە کاتێک دەچیتە ناو ئەو دادگەیە
یان هەر خۆیان بەزۆرەملێ ڕاپێچی دادگەت دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی سیناریۆیەکی ناشیرین
و درۆینەت بۆ هەڵببەستن.
دادگەی ژێر سێبەری دەستەڵات، ڕێگەخۆشکەر و هۆکارە کە تۆڵەسەندنەوە
دەکاتە مافی ستەمکار و قوربانیش دەبێتە تاوانبار. ئیتر دادگە، لەجیاتی ئەوەی ببێتە
قەڵغانێک بۆ پاراستنی مافی گشت هاووڵاتیان، خۆی دەبێتە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتنی
گەورە تاوانباران.
کاتێک ستەمکار دەتکوژێت و هەر خۆیشی بەتۆمەتی بێبنەما
ڕاپیچی دادگەت دەکات، دادگەش ناتوانێت قسەی خۆی بکات، چاو لە ڕاستییەکی زۆر ئاشکرا
دەپۆشێت، ئیتر چ مانایەک بۆ زاراوەی "دادپەروەری" دەمێنێتەوە؟ قوربانی
دەبێتە دووجار قوربانی؛ جارێک بەدەستی ستەمکار و جارێکی تر بەدەستی ئەو سیستەمەی
کە دەبوو بیپارێزێت و هەق و مافی بۆ بگێڕێتەوە.
لەوێ، لەبری چاوەڕوانییەک بۆ دۆزینەوەی هەق و
بڕیارێکی دادپەروەرانە، تەنیا بڕیارێکی پێشوەختە و ئامادەکراو چاوەڕێت دەکات: تۆ
تاوانباری! تۆ حوکم دەدرێیت! وە دەبێت سزای ئەو تاوانەی نەتکردووە بخۆیت. ئەمە تەنیا
ناخۆشی نییە، بەڵکوو کوشتنی ڕۆحە، لەناوبردنی هیوا، لەگۆڕنانی ماف و ئازادیی
مرۆڤایەتییە. دەستەڵات
لەدەستی خۆتانە، دەتوانن هەق بکەنە ناهەق، تاوانبار بکەن بە بێتاوان، و بێتاوان دادگەیی
بکەن. بە کەیفی خۆتان حوکم دەدەن، هەروەک چۆن دەتوانن بێ دادگەش ئازادت بکەن.
ئەو کەسانەی بەئاشکرا و بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک،
دەست بۆ کوشتن و دزی سیستماتیکی دەبەن، ئەو کەسانەی بەڕاشکاوی تەحەدای هەموو بەها
مرۆڤایەتییەکان دەکەن و یاسا دەشکێنن، ئەمانە لەژێر سێبەری دەستەڵاتدا جێی خۆیان
گرتووە. ئەوان بە ئازادی هەموو کارێکی قێزەون ئەنجام دەدەن، چونکە دڵنیان لەوەی،
کە هیچ لێپێچینەوەیەک چاوەڕێیان ناکات. لەبری ئەوەی ئەوان سزا بدرێن، ئەوە تاوانلێکراوی
مەزڵووم سزا دەدرێت.
بەڵام کاتێک باس دێتە سەر دادگە، ئەم دامەزراوە
پیرۆزەی، کە دەبێت ستوونی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر بێت، دەبێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت،
بۆیە پێویستدەکات بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەما نەگۆڕەی کە دەڵێت: دادپەروەری دەبێت
بێلایەن بێت، لە ئاست ڕەگەز، ڕەنگ، دەستەڵات و دەوڵەمەنددا، چاوەکانی بەستراو بێت.
با دادگە ئازاد بێت، ئازاد لە چنگی دەستەڵات، ئازاد
لە فشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. با دادوەران بتوانن بەویژدان و بێترس، تەنیا بە
پێی یاسا و ئاکاری دادوەریی بڕیار بدەن، نەک بە فەرمانی سەرەوە یان بە خواستی دەستەڵات.
ئەگەر دادگە نەتوانێت ئەم ڕۆڵە پیرۆزە ببینێت و ناچار بێت ملکەچی بڕیارەکانی دەستەڵات
بێت، ئەوا دەستەڵات خۆی دەبێت سزا بدرێت بۆ لەناوبردنی هەموو مانایەکی دادپەروەری،
چونکە دەستەڵاتێک، کە دادپەروەری دەخاتە ژێرپێیەوە، دەستەڵاتێکی فاشیست و گەندەڵە
و هیچ شەرعییەتێکی نییە.
با چیتر ڕێگە نەدەین بەوەی، کە خاوەن ماف، سەرەڕای
هەبوونی هەق و بەڵگەکان لەگەڵی، بە ناهەق سزا بدرێت و مافەکانی زەوت بکرێن. ئەمە
دژ بە هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی، ئایین و یاسایە. دەبێت کۆتایی بەم ستەمە بێت و
سنوورێک دابندرێت بۆ ئەم بێدادییە. کاتی ئەوە هاتووە، کە دادپەروەری ڕاستەقینە
سەروەر بێت و ستەمکاران سزای خۆیان وەربگرن، بێ جیاوازی و بێ ترس. با کوردستان
ببێتە لانکەی دادپەروەری، نەک گۆڕستانی ویژدان و ماف. ئەمە تەنیا داواکارییەک
نییە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ هەستانەوە لە خەوی غافڵ و درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی
دادپەروەر.
ئەمە خەمێکی قووڵە، بەڵام با ئەم دڵەڕاوکێیە نەبێتە
هۆی کوژانەوەی ئومێد. مێژوو بە درێژایی سەدەکان سەلماندوویەتی، کە هیچ دەستەڵاتێکی
ستەمکار ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە بەردەوام بێت. ڕۆژێکدێت تیشکی ڕاستی بەسەر هەموو
تاریکییەکدا زاڵ دەبێت و دەستەکانی دادپەروەری، گۆچانی دەستەڵات لەچنگ ستەمکاران
دەردەهێنێتەوە، تا ئەو کاتە، با هێزی قوربانییەکان وەک ئاگرێک لە ناخیاندا گڕ
بگرێت و ببێتە چرای ڕێگەی ئازادی و دادپەروەری.