سەردێڕ:

ئاگربەست لە غەززە راگەیەندرا

AM:10:11:16/06/2024

2572 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاوڵاتیان غەززە چالاکییە سەربازییەکانیان لە چەند ناوچەیەکی غەززە راگرتووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند ناوچەیەکی غەززە چالاکییە سەربازییەکانیان رادەگرن.

ئەوەش خراوەتە روو، ئاگربەستەکە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڕیاری لەسەر دراوە و ١١ کاتژمێر بەردەوام دەبێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیارێک بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە سێ قۆناغ و گواستنەوەی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی کرا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەشنووسی ئەو یاسایەی پەسەندکرد کە پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکای لەخۆگرتبوو.

لە کۆتایی مانگی ئایاردا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشنیارێکی ئاشکرا کرد بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە سێ قۆناغ کە هەر قۆناغ و ماوەی ٤٠ رۆژ دەخایەنێت و هەوڵدەدرێت لە ئاگربەستێکی کاتییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بە گشتی لە هەرسێ قۆناغەکەدا تەواوی بارمتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن و سوپای ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە و دووبارە دەست دەکرێتەوە بە نۆژەنکردنەوەی کەرتی غەززە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای تێپەڕینی ٢٥٠ رۆژ بەسەر هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٨ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و لەسەرەتای شەڕەکەشەوە ٣٧ هەزار و ٢٠٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەرەتای شەڕەکەوە، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووە، تاوەکو ئێستا ٣٧ هەزار و ٢٠٢ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨٤ هەزار و ٩٣٢ کەسیش بریندار بوون.













گەلەری