سەردێڕ:

کشتوکاڵی عێراق: ٤٧٥ هەزار تۆن سەوزەی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە کراون

PM:09:17:15/06/2024

1524 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٤٧٥ هەزار تۆن سەوزەی بەرهەمهێنراو لە ناوخۆدا هەناردەی دەرەوەی عێراق کراوە. دەشڵێت، "لە ئێستادا لە پێنج بەرهەمی کشتوکاڵیدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی".


ئەمڕۆ شەممە، عەباس جەبر عەلیاوی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پڕۆسەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنم بەردەوامە و چاوەڕوان دەکەن بەرهەمی گەنم بگاتە شەش ملیۆن تۆن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەدوای تەواوبوونی پڕۆسەی دروێنەکردن، رێژەی کۆتایی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ رادەگەیەنن.

باسی لەوەش کردووە، لە پێنج بەرهەمی کشتوکاڵیدا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی لەوانەش گەنم و خورما و پەتاتە، بەوهۆیەشەوە ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیران بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی داوە.

ئەوەشی خستە روو، لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا زیاتر لە ٤٧٥ هەزار تۆن سەوزەی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا هەناردەی دەرەوە کراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوودا محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانیدا، بڕیاردراوە بە راگرتنی هاوردەکردنی پەتاتە و دەستکردن بە پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە بۆ وڵاتانی دراوسێ. وتیشی، "بەهەمان شێوە لە بەرهەمهێنانی تەماتە گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و کار لەسەر ئەوە دەکەین دەرگای هەناردەکردن بۆ ئەو بەرهەمەش بکەینەوە".













گەلەری