سەردێڕ:

کۆنسێرتێک لە بەریتانیا بومەلەرزەی دروست کرد

PM:04:27:14/06/2024

22392 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای نیشتیمانی چاودێری بومەلەرزەی بەریتانیا رایگەیاند، کۆنسێرتی گۆرانیبێژێکی ئەمریکی لە پایتەختی سکۆتلەندا چالاکی بومەلەرزەیی دروست کردووە و تا دووری شەش کیلۆمەتر هەستی پێکراوە.


ئەمڕۆ هەینی، دەزگای نیشتیمانی چاودێری بومەلەرزەی بەریتانیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی زۆری ژمارەی هەوادارانی گۆرانیبێژ ( تەیلەر سویفت) و جۆش و خرۆشییان لەمیانەی بەشداریکردنیان لە کۆنسێرتێکیدا کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە یاریگای مۆرایفیڵد لە شاری ئەدینبۆرگی پایتەختی سکۆتلەندا بەڕێوەچوو، چالاکی بومەلەرزەیی دروست بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بومەلەرزەکە بە ئامێری زانستی هەستیار لەلایەن دەزگاکەوە دەست نیشان کراوە و لە دووری شەش کیلۆمەتر لە شوێنی کۆنسێرتەکەوە هەستی پێ کراوە.
هاوکات میدیا جیهانییەکان باسیان لەوە کردووە، ژمارەی پێوانەیی لە فرۆشتنی بلیتی بەشداریکردن لە کۆنسێرتەکەی شەوی ٧ـی حوزەیرانی ئەو گۆرانیبێژەدا تۆمار کرا بەوپێیەی گەیشتبووە ٧٣ هەزار کەس. 

ئەوە لەکاتێکدایە، لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردووشدا لە کۆنسێرتێکی دیکەی گۆرانیبێژ تەیلەر سویفت، بە ناوی ( گەشتی ئێراس ) بەهۆی سەمای بەشداربووانی کۆنسێرتەکە چالاکی بومەلەرزەیی تۆمار کرا. 

تەیلەر ئالیسۆن سویفت؛ گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرێکی ئەمریکییە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ـیە و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا دەستی بە نوسینی گۆرانی کردووە و خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ گۆرانی و هەوادارێکی زۆرە لە جیهاندا.

 

 













گەلەری