دوای وەرگرتنی دوو هەزار و ٤٠٠ دۆلار لە دووکاندارەکان و کاسبکارانی بازاڕی داون تاونی هەولێر لەبەرامبەر کرێ و نوێکردنەوەی ستاندەکانیان، لە ئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەر کاسبکارانی ناچار کردووە بە هەڵگرتن و بڕینەوەی ستاندەکانیان، بەوهۆیەشەوە بەشێک لە دووکاندار و کاسبکاران گرد بوونەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە کاسبکار و دووکاندارەکانی بازاری داون تاون لە هەولێر بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە بۆ هەر ستاندێک حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە ٨٠٠ دۆلاری لێوەرگرتوون.
ئاماژەیان بەوەش کرد، بەشێکیان سێ ستاندیان هەیە و بڕی دوو هەزار و ٤٠٠ دۆلاریان
لێوەرگیراوە وەک کرێ و نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان بەڵام، ئێستا ناچاریان کردوون بە
چۆڵکردن و هەڵگرتنی ستاندەکان.
باسیان لەوەش کرد، کە ستاندەکانیان پی هەڵدەگرێت و شۆفڵ دەهینرێت بۆ لابردنی
دووکان و کەلوپەلەکانیان، بۆچی کرێی مانگانەیان لێوەرگرتوون و مۆڵەتی کارکردنیان پێ
نوێکراوەتەوە. دەشڵێن، "ئێمە ١١٠ ستاندمان هەیە کە مانگانە پارەمان لێوەردەگیرێت
و ئێستاش دەیانەوێت ستاندەکانمان لێ بشکێنن، داواکارین کە گوێ لە داواکانمان
بگیرێت".
ئەوەش لە کاتیکدایە، لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە بەشێک لە کاسبکاران و دووکاندارانی
بازاری داونتاون لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدرا، لەو ماوەیەشدا ساڵانە
و مانگانە کرێیان لە کاسبکارەکان وەرگرتووە.
موراد ئەحمەد - هەولێر