سەردێڕ:

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هندستان ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا؛ زۆربەیان منداڵن

PM:10:30:25/05/2024

1248 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی داخراوی یاری منداڵان لە شاری راجکۆت لە ویلایەتی گوجاراتی رۆژئاوای هندستان ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٢ ـیان منداڵن.


ئەمڕۆ شەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی داخراوی یاری منداڵان لە شاری راجکۆت لە ویلایەتی گوجاراتی رۆژئاوای هندستان روویداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەوە تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٢ کەسیان منداڵن.

ئەوەش خراوەتە روو، لەدوای رووداوەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنەکە کران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و رزگاکردنی ئەو کەسانەی کە لە ژوورەوە گیریان خواردبوو.

لای خۆیەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە بە میدیاکانیان راگەیاند، هۆڵەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەو شوێنە بوون و زۆرێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی گیرخواردنیان بووە لەو شوێنە لە ئەنجامی داڕمانی دەرگای چوونەدەرەوەوە.

هاوکات، ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هندستان لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، ئیدارەی ناوخۆی وڵات کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو رووداوەوە زیانیان بەرکەوتووە و لێکۆڵینەوەش دەکەن لە هۆکاری رووداوەکە.













گەلەری