سەردێڕ:

منەتکردن بەسەر کۆچبەرە خنکاوەکان، لۆژیکیە؟

PM:04:37:25/06/2024
5244 جار خوێندراوەتەوە
رێبین محەمەد سەعید
+ -

رێزان حەمەساڵح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە هیچ باڵیۆزخانە و کونسوڵیەتێک تەرم بنێرێتەوە لەکاتێکدا ئەو کۆچبەرانە ناڵێم هەڵهاتوون، بەڵام لەدەست ئەو دۆخە ناڕازی بوون.

لەبارەی ئەرکی تەرمهێنانەوەکە راست دەکات، ئیشی باڵوێزخانەی ئەمریکا و فنلەندا و سویسرا نییە تەرم بگوازنەوە، چونکە ئەوان وڵاتەکەیان، دڵخۆشی خەڵکی بەدەستهێناوە،( بەپێی پێوەری ساڵی ٢٠٢٠ـی نەتەوە یەکگرتووەکان) کۆچ ناکەن تا لە ئاوەکاندا بخنکێن.

دەزگای لوتکە لە سلێمانی، بە سواڵکردن و کۆمەکی، چەند ساڵە تەرمی رانیە و دەربەندیخان و چەند شوێنی تر دەهێننەوە، تا ئێستا نەمبیستووە، لە شوێنێک منەتێکی ئاوایان کردبێت بەسەر کەسوکاری کۆچکردووەکاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ئەو کەسانەی لە هەرێم دەژین، هی ئەوە نییە کە دۆخێکی خراپ بێت، بە رەچاوکردنی دۆخی ئەوروپا دۆخی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر باشترە، من بینیومە چی بۆ وڵاتی خۆیان دەنوسن ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە، یەکێک لەوانە بۆ وڵاتەکەی خۆی نوسیبوو، هێندەی ئۆتۆمبێلی سەد هەزار دۆلاری لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دەسوڕێتەوە بە هەموو ئیتاڵیا کە ٨٠ بۆ ٩٠ ملیۆن کەسە ئەوەندە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی تێدانییە، یانی بەراوردەکە زۆر زەقە کە دەیکەن، بەڵام ناهەقیشییان نییە و هیچ لەخۆیانەوە ناڵێن، یان ئەوەی کوڕێکمان ژن دەهێنێ چەند ئاڵتونی بۆ دەکەین و چ ئاهەنگێکی بۆ دەکەین، ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە ئەوانەیان هەمووی وتووە بە وڵاتانی خۆیان.

لە بارەی ئەوەی خەڵک دەوڵەمەندە هێشتا کۆچ دەکەن، ئەمە راستە، خەڵکی هەژار ناتوانیت کۆچ بکات، خەڵکی هەژار دەبێت دەیان ساڵ کار بکات بۆ ئەوەی پارە کۆبکاتەوە و دواتر کۆچ بکات.

کۆچکردن، تەنها لەبەر ئەوە نییە پارەی دەستبکەوێت ئیدی تەواو خۆشگوزەرانە، پێوەرەکانی خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی، ( دوو ستانداردی نێودەوڵەتین بۆ پێوانی حکومەتی باش و خراپ)، هەمووی پەیوەست نیە بە گیرفانی تاکەکەوە، ( کارەبا، ئاو، دادپەروەری، ئاسایش، ململانێی سیاسی بەشێوەی چەکداری، تەندروستی، پەروەردە، رێگاوبان، ئازادی را دەربرین، ئازادی سیاسی، دەستاودەستی دەسەڵات و هەڵبژاردن) ئەمانە پەیوەستن بە دەوڵەت، دەبێت دابینی بکات و پاشان رەخنە لە خەڵک بگرێت، ئەگەر لێی نارازی بوون.

بەشی دووەمی هۆکارە سروشتیەکانە، لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی کەمتر کاریگەریان هەیە لەسەر خەڵک، هەرچەندە گۆڕانکاری کەشوهەوا دەستی پێکردووە.

کاتێک حکومەتی هەرێم نوێنەر یان کونسوڵگەری هەیە، پێویستە رۆشنبیری ئەوەی هەبێت لێدوان بۆ رۆژنامەنوسان بدات، لۆژیکی سیاسی و پێوەر و ستانداردی زانستی تێدا بێت بۆ ئەوەی بڕوا بە خەڵک و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و حکومەتی جیهانی بهێنن، رای گشتی بەلای خۆیان رابکێشن.

جەدەلی سیاسی، دەبێت بەپێی مەعریفەی سیاسی بێت، قسە کردن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا، مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام، هیچ لە راستی ژیانی خەڵک ناگۆڕێت.

گەلەری