سەردێڕ:

جارێکی دیکە یەختەکانی کۆچ و شەپۆلەکانی دەریا خۆشەویستییەکی ١٠ ساڵەیان لێککرد

PM:05:02:25/06/2024

27832 جار خوێندراوەتەوە

ساڵانە لە میدیاکانەوە هاوڵاتییان دووبارە و چەندبارە گوێبیستی ئەو مانشێتە دەبنەوە، کە یەختەکانی کۆچ بەرەو ئەوروپا و شەپۆلی دەریاکان چەندین خۆشەویست، هاوسەر، جگەرگۆشە و دایک و باوک لێکدەکەن، ئەم جارەش دوو گەنجی هەرێم؛ دوای ١٠ ساڵ لە چاوەڕوانی پێکگەیشتنیان؛ خۆشەویستییەکەیان بە دەریا سپارد و محەمەد لە چاوەڕوانی تەرمی دەزگیرانەکەیدا لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا رۆژ دەکاتەوە.


محەمەد عەدنان؛ ئەو گەنجەی بە ئومێدی بونیادنانی ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی روونتر رووی لە ئەوروپا کردبوو، بە چەندین دۆخی سەختدا، بەناو دەریای شینی لەبن نەهاتوو و لەگەڵ گوێبیستبوونی هاژەی دارە بەرزەکانی جەنگەڵەکاندا؛ سنوور بە سنووری بڕی تاوەکو گەیشتە ئەڵمانیا.

محەمەد بەدەر لە مەترسییەکانی رێگای هاتونەهاتی کۆچ و ترس و دڵەڕاوکێی گەیشتن؛ ئازیزانیشی لێرە جێهێشتبوو. باس لەوەدەکات، خۆشەویستەکەی جێهێشت بە ئومێدی ئەوەی بتوانێت لەوێ ژیانێکی گونجاوتر دابین بکات و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەیامدا بکات.

دوای گەیشتن بە وڵاتێکی دیکەی دوور لە خاکی خۆی و کارکردن و شەونخوونی؛ لەگەڵ ئەیام نەجم بڕیاری هاوسەرگیرییان دا بە ئومێدی ئەوەی پێکەوە ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن و خۆشەویستییەکەیان لەناو خێزانێکی خنجیلەدا پەرەپێبدەن.

دوای زیاتر لە ساڵێک و نیو لە چاوەڕوانکردن و هەوڵی بەردەوام بۆئەوەی بەشێوەی فەرمی محەمەد ئەیام بباتە ئەوروپا بۆلای خۆی، هەوڵەکانیان بێئەنجام بوو و بە ئاگاداری خێزانی هەردوولایان بڕیار دەدەن ئەیام بە رێگای قاچاغ بگاتە لای محەمەد.

محەمەد بە ئێن ئاڕ تی وت، ئەوان خزمی یەک بوون و ئەیام لەگەڵ چوار کەسی دیکەی خزمی هەردوولایان لە تورکیاوە بە یەخت بەڕێکەوتوون.

لە کوردستان هەلی کار و دامەزراندن، خزمەتگوزاری، ئومێدێک بۆ گەنجەکان بە داهاتوویان و پێگەیشتنیان کەمە و بەمەبەستی دابینکردنی ژیانێکی باشتر زۆرێک لە هاوڵاتییان بە منداڵ و گەنج و پیرەوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە. کەمیش نەبوون ئەوانەی لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەیام بەر لە جەژنی قوربان لە تورکیاوە بە یەخت بەڕێدەکەوێت بۆ ئیتاڵیا بە ئومێدی ئەوەی جەژنەکەیان ببێتە دوو جەژن و بە هاوسەرەکەی شاد ببێت، بەڵام لە شەوی ١٦ لەسەر ١٧ـی ئەم مانگە، لە کەناری لۆکرید لە ئیتاڵیا، بەهۆی بوونی گرفت لە یەختەکەیاندا، کە ٧٥ سەرنشینی هەڵگرتبوو، ژێرئاو کەوت و لە ئەنجامدا تەنها ١١ کەسیان رزگاری بوو.

یەختەکە بەدەر لە ئەیام؛ چەندین کەسی ناسیاو و خزمی یەکتر و خێزانی دیکەی تێدابوو بە دایک و باوک و منداڵەکانیانەوە، بە جۆرێک ١١ ئەندامی یەک خێزان لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا.

ئەیام لەدوای نوقومبوونی یەختەکەیان ماوەی پێنج رۆژ لە دەریادا لەگەڵ چەند کۆچبەرێکی دیکەدا مابوونەوە و خۆیان بە داروتەختەی شکاوی یەختەکەوە هەڵواسیوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەرگەی برسێتی و تینوێتی بەردەوام و خۆری تاقەتپڕوکێنی نەگرتووە و گیانی لەدەستداوە.

کۆچبەرە رزگاربووەکان ئەوە دەگێڕنەوە، لەبەرچاوی خۆیاندا هاوسەر و منداڵ و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان پەلەقاژێی مەرگیان کردووە لەناو ئاوەکەدا، هەبووە بەهۆی فشاری دەروونییەوە دوای چەند رۆژێک خۆی دەستی لە تەختە شکاوەکانی یەختەکە بەرداوە و خۆی فڕێداوەتە دەریاوە. کۆچبەریشی تێدا بووە، دوای خوێندنی فاتیحە؛ بە دەستەکانی خۆی تەرمی دۆستەکانی بە دەم ئاوی دەریاکەدا داوە.

ئەیام هاوشێوەی چەندین کۆچبەری دیکە هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و محەمەدی هاوسەریشی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بێئۆقرەیە و بە دڵێکی گوشراو و چاوی پڕفرمێسکەوە چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمەکەیەتی، تاوەکو لەبری باوەشی یەکتربینین دوایین ماڵئاوایی لێبکات و ئەسپاردەی خاکی بکات.

سوتانی جەرگی سەدان دایک و باوک و لێکبوونی ئازیزان چیرۆکێکی لەبن نەهاتووی دەیان ساڵەی هاوڵاتییانی هەرێمە، لە ساڵانی رابردوودا لەدەست رژێمی دیکتاتۆری بەعس و لەم چەند ساڵەی دواییشدا لەدەست حوکمی یەکێتی و پارتی، رێگای قاچاغ دەگرنەبەر بەبێ ئەوەی لە گەیشتنیان دڵنیا بن.

لە ٢٠ی ئەم مانگەدا، کە رۆژی جیهانی پەنابەرانە، فازڵ غەراوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکان چوار ملیۆن پەنابەری عێراقی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانن، کە بەشێکی زۆریان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکەن، هەندێکی دیکەشیان دەکەونە وڵاتە عەرەبییەکانەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تاوەکو ٢٠٢٣، ٧٥٧ هەزار و ٣٢٣ پەنابەری خوار ١٨ ساڵ داوای پەنابەرییان پێشکەش بە وڵاتە ئەوروپییەکان کردووە.

یەخت و چووپ و شەپۆلەکانی دەریا

"یەختەکانی کۆچ بەرەو ئەوروپا و شەپۆلەکانی دەریا خۆشەویستانیان لێککرد" بە گوێی هاوڵاتییانی کورد نامۆ نییە. سێ ساڵ بەر لە ئێستا و بە هەمان مانشێت، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی چیرۆکی دوو هاوسەری دیکەی گێڕایەوە، کە دوای پێنج ساڵ لە چاوەڕوانی شەپۆلەکانی دەریا رێگەی بەیەکگەیشتنیانی بەکۆتا هێنا و بێریڤانی لە سەرحەد کرد.

لە ٢٧ی ٧ی ساڵی ٢٠٢١دا، سەرحەد هەمزە ئەوکاتە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "زۆر هەوڵمدا بە رێگای فەرمی بێریڤان بیبەم، بەڵام نەدەگونجا و کۆرۆنا رێگر بوو." وتیشی، جگە لە هاوسەرەکەی، لە یەختەکەی بێریڤاندا برازایەکی و ١١ ئەندامی بنەماڵەکەیانی تێدا بووە، بەڵام بەر لە گەیشتنیان یەختەکەیان لە دوورگەی کریتی یۆناندا نوقومبوو.

هەر لە ٢٦ی ١١ی ٢٠٢١دا، چیرۆکی لەیەکبوونی دوودڵی دیکە دڵی چەندین کەسی دیکەی هەژاند. باران نوری، ئەو کچەی هاوشێوەی چەندین کچە کوردی دیکە؛ بۆ گەیشتن بە دەزگیرانەکەی ئەو رێگایەی گرتبووەبەر، بەڵام بەر لە گەیشتنی لە نۆکەندی ئینگلیزی نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت.

"گەندەڵی و خزمایەتیی و کێشەی ئابووری بوونەتە هۆکاری سەرەکی کۆچکردن لە هەرێم"

لە ٢١ی ئەم مانگەدا، رۆژنامەی "شرق الأوسط"ی عەرەبی لە راپۆرتێکیدا ئەوەی خستبووەڕوو، سەرباری ئەوەی هەرێم دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، بەڵام بەدەست گەندەڵی و خزمایەتی و کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، ئەوانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگە مەترسیدارەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، لە ساڵانی رابردوودا هەزاران هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا پەنایان بۆ رێگا مەترسیدارەکانی وەک پەڕینەوە لە دەریاکان، یاخود بەپێ رۆشتن بەناو دارستانەکانی بێلاڕوسیادا بردووە.

هەر لە کۆتاییەکانی ٢٠٢١دا، بە هەزاران کۆچبەر لە پیر و منداڵ و گەنج؛ روویان لە سنوورەکانی بێلاڕوسیا کرد و بە کۆمەڵ لەو سنوورەدا مانەوە بە مەبەستی پەڕینەوەیان بۆ هۆڵەندا، کە چەندین جار لەگەڵ هێزەئەمنییەکانی بێلاڕوسیادا تووشی پێکدادان بوون و چەندین رێکخراو هاوکاری بۆ گەیاندنە سەر سنوور.

لە ٩ی ١١ی هەمان ساڵدا، کۆمسیاری باڵای پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا هاتنە دەنگ و ئاماژەیان بەوەکرد، نزیکەی چوار هەزار کۆچبەر کاتێک ویستویانە لە بێلاڕوسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵه‌ندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا دووچاری پێکدادان بوون و توندوتیژی دژی کۆچبەرەکان بەکارهێنراوە، بەو هۆیەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان پەیوەندییان بە حکومەتی بێلاڕوسیا و پۆڵه‌نداوە کردووە.

دۆخی هاوڵاتییان لە هەرێم

ئەوەش لەکاتێکدایە، خراپی دۆخی ئابووری- دواکەوتن و پێنەدانی مووچە و سستی بازاڕ- نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن- نەبوونی خزمەتگوزاری- ساڵانە دەرچوونی هەزاران خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم و دەستنەکەوتنی کار- لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان نەبوونی نەوت و سوتەمەنی و کارەبای نیشتیمانی- بە هاتنی گەرما و هاوینیش کەمئاوی و بێکارەبایی- ماوەی ١٠ ساڵ قەیرانی دارایی و لێبڕین و پێنەدان و دواخستنی مووچەی مووچەخۆران، ئەوانە بوونەتە هۆی سەختکردنی ژیانی هاوڵاتییان و لێکترازانی چەندان خێزان، هەروەها بوونەتە هۆی دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری و زیادبوونی بێکاری و کرێچێتی.

خراپی دۆخی پەروەردە و خوێندن و خوێندنگەکان و ساڵانە بایکۆتی چەند مانگی- نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و پەککەوتنی چەندین کەرتی گشتیی دیکە- دەیان و سەدان گرفتی دیکەی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، وای لە بەشێکی هاوڵاتییان و گەنجان کردووە بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی گونجاوتر و دڵنیاتر بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان؛ جگەرگۆشەکانیان بەو رێگایەدا ببەن و بڕیاری قورسی کۆچکردن بدەن.

بەشێک لەوانەی بەهۆی ئەو دۆخەوە روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، باس لەوەدەکەن، ئەوان نە جارێکی دیکە ئاسانە بۆیان بگەڕێنەوە لە کوردستان بژین، نە دەتوانن لە دوورە وڵاتی و غەریبیدا ناخیان ئاسوودە بێت.

بەشێکی ئەو گەنجانەش باس لەوەدەکەن، ئەگەر لە خاکی دایک و وڵاتی خۆیاندا تروسکاییەک ئومێد شکببەن، کێ حەز لە کۆچکردن دەکات؟

دەڵێن، ئەوان حەزیان بەو دوورییە نییە و دەرفەتیان هەبێت لە وڵاتی خۆیاندا کاردەکەن و ئێواران بە ئاسوودەیی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، لەسەر سفرەیەک و بە خواردنەوەی چایەک و پاڵدانەوە بە سەرینێکی کوردییەوە ماندوویەتی رۆژیان دەردەکەن.

دیجیتاڵ میدیا ئێن ئاڕ تی لە زاری چەندین کۆچبەرەوە، کە لە ناچارییدا روویان لە وڵاتان کردووە ئەوە باس دەکات، زۆرێک لەو کۆچبەرانە بۆنی ئاوڕشێنێکی بەردەرگای ماڵە کۆنەکانی خۆیان ئاواتیانە.

هـ.ئـ













گەلەری