سەردێڕ:

بۆچی پاڵاوگە نایاساییەکان داناخرێن؟

PM:01:41:13/06/2024
2540 جار خوێندراوەتەوە
رێبین فەتاح
+ -

ساڵی ٢٠١٥ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان فەرمانێکی وەزاریی بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکرد، پێشتریش چەند بڕیار بۆ داخستنیان هەبوو، دواتریش لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر داخستنیان درا.

بەردەوام لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون لە ئاستی پارێزگا و حکوومەتە خۆجێییەکاندا، ڕاپۆرت لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەدەن و بەپێی ڕاپۆرتە ساختەکانیان ڕۆژ هەبووە زیاتر لە ١٠ پاڵاوگەیان داخستووە! ژمارەی ئەو پاڵاوگە داخراوانەی لە ڕاپۆرتەکانی ئەواندا ئاماژەی بۆ کراوە، زیاترە لە ژمارەی ڕاستەقینەی پاڵاوگە نایاساییەکان!

هۆکارەکانی دانەخستن

پێش زیاتر لە دوازدە سێزدە ساڵ و تا ساتەوەختی فەرمانەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش، ئاماژەم بەوە کردووە، ئەو بڕیارانە تەنیا بۆ خۆڵکردنە چاوی ڕای گشتی و هەندێک پاڵنەری دیکە لە پشتیانەوەن. بڕیارەکان بۆ جێبەجێکردن نین. لێرەوە چەند هۆکارێک دووبارە دەکەمەوە؛

یەکەم: حکوومەتی هەرێم شکستی هێناوە لە پەرەپێدانی کەرتی پاڵاوتن و پاڵاوگە نایاساییەکان بەشێک لە پێویستی ناوخۆ بۆ بەرهەمەکانی سووتەمەنی، بەتایبەت گازوایل پڕ دەکەنەوە، گازوایل بۆ مۆلیدەکانی کارەبا و ...هتد. بە داخستنی پاڵاوگەکان حکوومەت قەیرانێکی دیکە بۆ خۆی دروست دەکات کە دەستنەکەوتنی سووتەمەنییە و بەتایبەتیش گازوایل. لەبەرئەوە جەسارەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی نییە.

دووەم: پاڵاوگە نایاساییەکان بەشدارن لە ساخکردنەوەی نەوت و سوومەنی قاچاغ و دزراو. سەفەقاتی گەورە لەڕێگەی ئەو پاڵاوگانەوە کراوە و دەکرێت. بەنموونە ئەو ساڵانەی حکوومەتی هەرێم بەرنامەی ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بە بەرهەمەکانی نەوتی وەک بەنزین و گازوایلی هەبوو، چەند کۆمپانیایەکی حزب و دەسەڵات نەوتی خاویان لە حکوومەت وەردەگرت و خۆیان دەیانفرۆشتەوە، گازوایلیان لەو پاڵاوگە نایاساییانە وەردەگرت و بەناوی (هاوردەکردنی گازوایل لە دەرەوە)، بە پارەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت و گیرفانی هاووڵاتییانیان حیساب دەکرد. ئەو بازرگانە سیاسییانە، بەبێ هەبوونی پاڵاوگە نایاساییەکان نەیاندەتوانی گەندەڵییەکە بکەن.

سێیەم: دوا هۆکار کە میدیاکان وەک تاکە هۆکار ئاماژەی بۆ دەکەن (بە ئەنقەست و بۆ شاردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان یان لە نەزانی و نائاگایی) ئەوەیە کە پاڵاوگە نایاساییەکان هیی کەسانی دەستڕۆیشتوون. بەپێچەوانەوە ئەوە هۆکارێکی لاوەکییە. ڕاستە خەڵکانی سیاسی و سەربازی هەن، پاڵاوگەی نایاساییان هەیە، بەڵام ئەوەندەش دەسەڵاتدارنین، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارە پلە یەکەکان پاڵاوگەی گەورە و زەبەلاحیان هەن، هەروەها خاوەندارێتی زۆرینەی پاڵاوگەکانی دیکە بۆ کەسانی ئاسایی دەگەڕێتەوە. دوو هۆکاری ڕاستەقینە لە مانەوەی پاڵاوگەکان لە خاڵی یەکەم و دووەم ئاماژەی بۆ کراوە.

گەلەری