سەردێڕ:

بە گۆڕینى ستیکەرى دەرمان؛ حکومەتى کاربەڕێکەر بارگرانییەکی دیکەی بۆ هاوڵاتیان زیادکرد

PM:11:49:24/05/2024

3196 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى کاربەڕێکەر بارگرانیەکى دیکەى لەسەر شانى خەڵک و بەتایبەتى چینى نەخۆش زیاد کرد، بەبێ کێبڕکێ تەندەرى تازەکردنەوەى ستیکەرى دەرمانى داوە بە کۆمپانیایەک و ئەوەش ٣٠ هێندە نرخەکەى زیاد کردووە. خاوەن کۆگاکانى دەرمانیش دەڵێن، نرخى هەزار ستیکەر بە ١٧ دۆلار بوو، بەڵام کۆمپانیاکە کردویەتى بە ٥٠٠ دۆلار.


دەرمانخانەکان پڕن لەدەرمان، بەڵام دەرمانسازەکان گلەییان هەیە لەسەر ستیکەری نوێی سەر دەرمانەکان، چونکە جارێکی دیکە حکومەتی کاربەڕێکەر ستیکەری دەرمانی گۆڕیوە و دەرمانخانەکانیش پابەندکراون بەبێ ئەم ستیکەرە هیچ دەرمانێک بە هاوڵاتیان نەفرۆشن.

تایبەتمەندییەکانی ستیکەرە نوێیەکە ئەوەیە نرخی دەرمانەکەی لەسەر جێگیرکراوە و لە رێگەی (کیو ئاڕ کۆد)ـەوە زانیاری لەسەر دەمانەکە و بەکارهێنانی تۆمارکراوە.

بەڵام بەشێک لە کۆمپانیاکانی دەرمان و پزیشکە دەرمانسازەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەندەری ستیکەرەکە بەبێ کێبڕکێ دراوە بەکۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و قۆرخکاری تێداکراوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ستیکەرەی لەدەرمانەکان دەدرێت نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە دەرمانەکان ستیکەریان پێوە نیە و مامەڵەشیان پێوەدەکرێت لە بازاڕەکاندا، بەتایبەت دەرمانی ئازارشکێن و نەخۆشیە درێژخایەنەکان کە بەبێ ستیکەر دەفرۆشرێت.

بەپێی زانیارییەکان، پێشتر ئەو کۆمپانیایەی ستیکەری سەر دەرمانەکانی درووست دەکرد بۆ هەر هەزار دانەیەک ١٧ دۆلاری وەردەگرت، بەڵام ئێستا دراوە بە کۆمپانیایەکی دیکە و بۆ هەر هەزار دانەیەک لەو ستیکەرانە ٥٠٠ دۆلار وەردەگرێت ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی دەرمان دەبێت.













گەلەری