سەردێڕ:

لەبری قەرەبووکردنەوەیان؛ حکومەتی کاربەڕێکەر بە زۆر سوێندی کاسبکارانی بازاڕی چەلێی دهۆک دەدات

AM:10:19:19/05/2024

1840 جار خوێندراوەتەوە

لەبری قەرەبووکردنەوەیان حکومەتی کاربەڕێکەر بە زۆر سوێندی کاسبکارانی بازاڕی چەلێی دهۆک دەدات. کاسبکارانی بازاڕەکەش دەڵێن، تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بە کرداریی قەرەبووی نەکردوونەتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە کاسبکارانی بازاڕی چەلێی دهۆک دژی بڕیارەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ لادانی شتومەک لەبەردەم دوکانەکانیان و رێگەنەدان بە داپۆشینی شتومەکەکانیان بە قوماش گردبوونەوە و بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە چارەسەر بکات، گرفت بۆ کاری ئەوان دروست دەکات.

ئاماژەیان بەوەش کرد، ناکرێت حکومەتی کاربەڕێکەر بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کاسبکاران بڕیار بدات.

پاش ئەوەی سەرەتای مانگی رابردوو ئاگر لە بازاڕی چەلێی دهۆک کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٦٠ دوکان و ٢٠ کۆگا سووتان، حکومەتی کاربەرێکەر لەبری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی بازاڕەکە داوای لە کاسبکارەکان کردووە لە بەردەم دادوەر سوێند بخۆن ئەوەش بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان نەک قەرەبووکردنەوەیان.
هاوکات، حکومەتی کاربەڕێکەر بە دوکاندارەکانیشی راگەیاندووە، چی تر بۆیان نییە شتومەک لەبەردەم دوکانەکانیان بهێڵنەوە و نابێت بۆ داپۆشینی شتومەکەکانیش قوماش بەکاربهێنن، ئەوەش ناڕەزایی لای کاسبکارەکان دروستکردووە و دەڵێن دەبوو حکومەت قەرەبوویان بکاتەوە
.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١ـی نیسان ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی چەلێ لە سەنتەری دهۆک کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٦٠ دوکان و ٢٠ کۆگا سووتان، هەشت هاوڵاتی و سێ کارمەندی بەرگری شارستانیش بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

هاوکات، دوای رووداوەکە لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان پێکهێنرا، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە زیانەکان دیاری بکرێت و قەرەبووی کاسبکارانیش نەکراوەتەوە.

No description available.No description available.

No description available.













گەلەری