سەردێڕ:

سودانی بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی نەوت: بەزوویی دەستبکەن بە هەناردەکردنی نەوت

PM:11:30:03/02/2025

5116 جار خوێندراوەتەوە

دواجار هەمواری یاسای بودجە پەسەند کرا و هەریەکە لە حکومەتی عێراق و هەرێمیش دەیانەوێت هەرچی زووە دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت، ئەوەش بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی نەوت لەلایەک و دەسخستنی داهاتی زیاتر، سودانی داوای کردووە بەخێرایی دەستبکەن بە هەناردەکردن و حکومەتی کاربەڕێکەریش دەڵێت، دەست بە رێکارەکان دەکەن.


بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە بەقاچاخبردنى نەوت و هەرێم بۆ وەرگرتنەوەى بودجەکەى، دەیانەوێت هەرچى زووە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم دەستپێبکاتەوە.

پاش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆرییەوە بە بڕیاری دادگای پاریس، دووى ئەم مانگە لە پەرلەمانەوە دەنگ لەسەر دەستپێکردنەوەی درا و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش داوای لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و وەزارەتە پەیوەندییدارەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە چی زووە کار بە هەموارەکە بکەن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن.

هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕیکەریش رایگەیاند، پێشوازی لە هەمواری یاسای بودجە دەکەن. وتیشی، هیوادارە ئەم هەنگاوە ئەرێنییە ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا.

نێچیرڤان بارزانیش لە راگەیەندراوێکدا، دەڵێت، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكى ئومێدبه‌خشه‌ و به و به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه.

بەگوێرەی هەموارەکە دەبێت هەرێم رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتى عێراق ناسراو بە سۆمۆ بکات، بەم رادەستکردنەش هەرێم جگە لە مووچە دەتوانێت داوای بودجەی خۆی بکات لە بەغدا. هاوکات هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە بودجەی پترۆدۆلار و بەکارخستن و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان وەربگرێت، ناردنی مووچەش لە ئەستۆی بەغدایە بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەریش ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی حکومەتی عێراق بیەوێت ئەوان جێبەجێی دەکەن و دەست بە رێکارەکانى دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێم دەکەن.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان مانگانە هەرێم لە پارەی نەوت ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، بۆیە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتی هەرێم بە کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشە داراییەکانی هەرێم دادەنرێت و چاوەڕوان دەکرێت کێشەی مووچە و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانیش بەجارێک چارەسەربکات.

ئەگەرچى کۆمپانیاکان تا ئێستا بە فەرمی بۆچوونى خۆیان لەسەر هەموارەکە دەرنەبڕیوە، بەڵام پێدەچێت ئەوان رازیبن بەوەى بەشێوەیەکی یاسایی و بە نرخى فەرمی نەوت بەرهەمبهێنن و رادەستى سۆمۆی بکەن و خۆشیان بە دووربگرن لە هەر سکاڵایەکى یاسایی کە رەنگە بەغدا لەسەریان تۆمار بکات.

هەرچى لایەنەکانى دیکەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەى نەوتى هەرێم لەوانەش وڵاتانى ناوچەکە، تورکیا پێشتر رایگەیاندووە کە لەرووى تەکنییکیەوە کێشەکان چارەسەر کراون و ئەوان هیواخوازن لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەى نەوتەکە دەستپێبکاتەوە.













گەلەری