سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی چاکسازی لە سیستمی خانەنشیناندا دەکات

PM:02:29:17/05/2024

24912 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی چاکسازیکردن لە سیستمی خانەنشینان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە خانەنشینان و هاوڵاتیانی عێراق، شاندێکی تایبەت بە کاروباری خانەنشینان لەگەڵ نوێنەرایەتی بانکی نێودەوڵەتی کۆ بوونەوە. دەشڵێت ، "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی گۆڕانکارییە لە سیستمی خانەنشینی عێراق".


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، شاندێکی تایبەتی عێراق سەبارەت بە پرسی چاکسازی لە سیستمی خانەنشینیدا بە سەرپەرشتی ماهر حەسەن بەرپرسی دەستەی خانەنشینانی عێراق رۆژی ١٥ـی ئایار گەیشتوونەتە تورکیا و لە ئیستانبوڵ کۆ بوونەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ ئەندامانی بانکی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی نەختینەی بانکی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆدان و تەوەری کۆبوونەوەکەش تایبەت بووە بە تاوتوێکردن میکانیزمەکانی تایبەت بە چاکسازی خانەنشینان.

باس لەوەش کراوە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و خانەنشینانی عێراقە لە داهاتوودا کە بتوانن بە باشترین شێوە بژین و کارەکانیان بەڕێوە ببەن.

ئەوەش هاتووە، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بانکی ناوەندی پێشنیاری بەرنامەیەکی کرد کە توانای پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی دەبێت بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خانەنشینان تا ئێستاش بەردەوامن سەبارەت بە وردەکارییەکانی پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دەستەی خانەنشینانی عێراق لە مانگی نیساندا رایانگەیاند، هەوڵی تەواوەتی دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی خزمەتگوزاری خانەنشینان و مووچەکانیان، لەو بارەیەشەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەو هەنگاوە و ئاسانکاری تەواوەتی دەستەکەیانی کردووە و بڕی ١٠٠ هەزار دیناریشی وەک جەژنانەی جەژنی رەمەزان پێشکەش بەسەرجەم خانەنشینان کردووە.













گەلەری