سەردێڕ:

دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا

PM:02:23:09/05/2024

53328 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی TBI بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژی ٨ـی ئایارەوە دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە، لیستی مووچە رادەستی بانکەکە بکرێت. دەشڵێت، "بە گوێرەی بودجە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران کراوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە بانکی TBI لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە دەست بە ئامادەکاری بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە کە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رادەستی بانکەکە بکات.

ئەوەشی خستە روو، بانکەکە بە نیازە لەماوەی دوو مانگدا مووچەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆری هەرێم بەبانکی بکات.

هاوکات لەو بارەیەشەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا باسی لەوە کرد، تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر ئاسانکاری بۆ بانکی TBI نەکردووە ئەوەش وایکردووە مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم دوابکەوێت. وتیشی، "وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئامادە نییە واژۆی ناردنی مووچە بکات تا بەبانکیکردنی مووچە دەستپێنەکات".

چاوگێک لە بانکیTBI بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن و هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆژەی هەژماری من'ـەوە نییە.

بە گوێرەی زانیارییەکانیش، بانکەکانی رەشید و رافیدەین لقەکانیان لە شارەکانی هەرێم دەکەنەوە و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.













گەلەری