سەردێڕ:

نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر

PM:01:05:09/05/2024

4596 جار خوێندراوەتەوە

نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر و ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئەوا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە یەکجاریی هەڵدەوەشێتەوە.


لەو بارەیەوە رێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوو خاڵیان لە سکاڵاکەدا باس کردووە، یەکەمیان ئەوەیە حکومەتی هەرێم حکومەتێکی کاربەڕێکەرە و تەنها دەبێت کاروباری رۆژانە بەڕێوەبەرێت نەوەک بڕیار دەربکات.

وتیشی، خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئەوا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە یەکجاریی هەڵدەوەشێتەوە.

رێبوار ئەورەحمان وتیشی، "گرنگە لەو کاتەی خەڵک پێویستی پێتبوو لەگەڵیاندابیت و ئەوە بکەیت کە لەسەر شانتە، ئێمە ئەوەمان کرد و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین".
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، یەکەمجارە پارتی و یەکێتی بەمجۆرەی ئێستا لە هەڵبژاردن دەترسن و دەیانەوێت تاوەکو ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی کاربەڕیکەر تۆماردەکەن تا بە ماوەبەسەرچوو و هەڵوەشاوە لەقەڵەم بدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، 
لە داهاتوودا هەرچی ڕووبەڕووی خەڵک و هەرێم بێتەوە پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسن، چونکە لەپێناو چەند کورسییەک سەرکێشی بە خەڵک و هەرێمیشەوە دەکەن و دەیانەوێت ١١ کورسییەکەی کۆتا بگەرێتەوە و ئەگەر پێنج کورسی کۆتاش بگەڕێتەوە لەسەر حسابی پارتی و یەکێتی دەبێت.

 













گەلەری