سەردێڕ:

داڕێژەری ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی حەماس کێ بوو؟

PM:01:23:13/10/2023

5152 جار خوێندراوەتەوە

هێرشە لە ناکاوەکەی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتریش هێرشی تۆڵەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە تاوەکو دێت کاردانەوەکان و لێکەوتەکانی فراوان و زیاتر دەبێت، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان بەڵام دەیان ساڵە ئاڵۆزییەکی لەم چەشنە لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا دروست نەبووە.


هەر لە دەستپێکی جەنگەکەوە زۆر کەس پێیان وابوو کە ئەمە پلانی خودی ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە و زۆرێکیش پێیان وابوو ئەمە دەرەنجامی توڕەکردن و ئازاردانی فەڵيستییەکانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە لایەن ئیسرا ئیلەوە و هەندێکی تریش پێیان وابوو وڵاتانی زلهێزی ئیسلامی ئەم کارەیان بە حەماس کردبێت.

بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پلان داڕێژەری سەرەکی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، کەسێکە بەناوی محمد دیاب ئیبراهیم مسری ناسراو بە محەمەد زەیف کە فەرماندەیەکی باڵی سەربازیی گروپی حەماسە و زیاتر لە٣٠ ساڵە بە ئاشکراو نهێنی دژی ئیسرائیل دەجەنگێت.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس رایگەیاندووە، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا لە ساڵی ٢٠٢١دا کە تیایدا هەزار و ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون، زەیفی تەمەن ٦٠ ساڵ لە مانگی پێنجی هەمان ساڵدا وە دەستی بە پلاندانانی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کردووە.

محەمەد زەیف کێیە؟

محەمەد زەیف لە ساڵی ١٩٦٥ لە باشووری کەرتی غەززە لە بنەماڵەیەکی فەلەستینی لەدایکبووە.

لە سەردەمی گەنجی و خوێندکاریدا لە گروپە ئیسلامییەکان نزیک دەبێتەوە و دواتریش دەبێتە ئەندامی گروپی حەماس و یەکێک لە دیارترین ئەندامە چالاکەکانی ئەو گروپە.
وتارەکەی زەیف پێش هێرشەکە

زەیف حەوت جار لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بووە و بە دەگمەن قسە دەکات و هەرگیز لەبەردەم خەڵکدا دەرناکەوێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو کاتەی کەناڵی تەلەفزیۆنی حەماس پێش هێرشەکە رایگەیاند کە ناوبراو بڕیارە وتارێک پێشکەش بکات، فەلەستینییەکان تێگەیشتن روداوێکی گەورە بەڕێوەیە.

زەیف لە وتارەکەیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ توڕەیی ئەقسا، توڕەیی میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان دەتەقێتەوە، جەنگاوەران ئەمڕۆ رۆژی ئێوەیە بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارە داگیرکەرە بزانێت کە کاتەکەی بەسەرچووە."

ئەو فەرماندە باڵایەی حەماس وتیشی، بەهۆی پێشێلکاری یاسا و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە و هەروەها بەهۆی پاڵپشتی ئەمەریکا و رۆژئاوا و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کارەکانی ئیسرائیل، حەماس بڕیاریداوە کۆتایی بە هەموو ئەوانە بهێنێت و بە هەموو توانایەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
هەوڵەکانی کوشتنی زەیف

ئیسرائیل چەندین جار هەوڵی کوشتنی ئەو ئەندامەی حەماسی داوە و دوایین هەوڵیشی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی ٢٠١٤ کە لە ماڵەکەی خۆی هێرشی کرایە سەر، بەڵام لە هێرشەکەدا ژن و منداڵەکەی لەدەستدا و خۆشی بریندار بوو، بەو هۆیەوە لەو کاتەوە توانای رۆشتنی لەدەستداوە و چاوێکیشی توانای بینینی نەماوە.

سه ڕچاوەیەکی نزیک له بزووتنەوەی حەماس باسی له وه کردووه، زەیف هیچ کاتێک تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەکارناهێنێت و تاوەکو ئێستاش موبایلی زیرەکی نییە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیایەکی فەلەستینی، یەکێک لەو ماڵانەی لە غەززە کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر، ماڵی باوکی محەمەد زەیفە کە تیایدا براکەی و دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی کوژراون.













گەلەری