سەردێڕ:

وەزیری ناوخۆی عێراق: سبەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاگرەکەی حەمدانییە رادەگەیەنرێت

PM:09:34:29/09/2023

13432 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سبەی شەممە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە ئاشکرادەکرێت و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکات.


ئەمڕۆ هەینی، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوە کۆتایی پێهات، سبەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە ئاشکرا دەکرێت.

هەر لەوبارەیەوە، لیوا کازم بۆهان بریکاری تەکنیکی وەزارەتی ناوخۆ و سەرپەرشتیاری کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە رایگەیاند، لایەنە فەرمی و بابەتییەکانی لێکۆڵینەوەکان تەواو بووە و فایلی لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی تەواوبوندایە و دوای تەواوبوونی بە مەبەستی پەسەندکردن رادەستی وەزیری ناوخۆ دەکرێت، وتیشی، "لێکۆڵینەوەکە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆیەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، 'هەیسەم' ئەو هۆڵەی کارەساتەکە تێیدا روویداوە لە ساڵی ٢٠١٣ دروستکراوە و خاوەنەکەی ماوەی ١٠ ساڵە مۆڵەتی کارکردنی نییە و ئەو هۆڵە بە نایاسایی و بە داگیرکردنی ناوچەی کشتوکاڵی دروستکراوە.

درەنگانی شەوی سێشەممەی رابردوو، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانییە ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٥٠ کەسی دیکە برینداربوون.













گەلەری