سەردێڕ:

بەریتانیا هاوکاری ئۆکرانیا دەکات لە هەڵگرتنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانیدا

AM:08:54:26/09/2023

2632 جار خوێندراوەتەوە

تیمی پسپۆڕی هەڵگرتنەوەی مین لە سوپای بەریتانیا رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئۆکرانیا راهێنان بە ئەندازیارە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانیان.


تیمی پسپۆڕی هەڵگرتنەوەی مین لە سوپای بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی جەنگی رووسیاوە لە ئێستادا ئۆکرانیا خاوەنی فراوانترین رووبەری کێڵگەی مینڕێژکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش راهێنان بە ئەندازیارە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانیان.

لای خۆیەوە ئەندازیارێکی هەڵگرتنەوەی مین لە ئۆکرانیا باسی لەوەکرد، سەرباری یارمەتییەکانی بەریتانیا هێشتا وڵاتەکەیان پێویستی بە یارمەتی و کەرەستەی زیاتری رۆژئاوا هەیە بۆ پاککردنەوەی کێڵگە مینەکانی روسیا.

وتیشی، "ئەو هاوکارییەی بەریتانیا بەرز دەنرخێنین و بە تەنیا ناتوانین کێڵگە میینیەکان خاوێن بکەینەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، لەئەگەری کۆتایهاتنی جەنگی نێوان وڵاتەکەیان و روسیا هێشتا ئۆکرانیا سەدان ساڵی دەوێت بۆخاوێنکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانی.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە سوپای روسیا بۆ رێگریکردن لە هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا ئەو ناوچە ئۆکرانییانە کە پێشتر دەستی بەسەردا گرتوون، مینڕێژدەکات کە ناوچە مینڕێژکراوەکان بە ١٧٠ملیار و ٣١٢ ملیۆن مەتر دووجا خەمڵێندراون و ئەم رووبەرەش هاوتای رووبەری ویلایەتی فلۆریدایە لە وڵاتی ئەمریکا.

لە ١٤ـی شوباتی ساڵی رابردووەوە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ئۆکرانیا رایگەیاند، بەبەکارهێنانی ئەو هاوکارییە سەربازییانەی ئەمریکا و رۆژئاوا پێشکەشیان کردووە دەستدەکات بە هێرشی پێچەوانە.













گەلەری